رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکە ژمارەیەکی زۆری کۆچبەران لە فەرەنسا دەستیان بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی کردووە و داوای راگرتنی ئەو یاسا نوێیەی تایبەت بە کۆچبەران دەکەن کە هەفتەی رابردوو لە پەرلەمانی وڵاتەکە پەسند کرا و تێیدا کۆچبەرانی بێ بەڵگەنامە لە فەرەنسا دەردەکرێن.
مەحموودو دیۆپ، کۆچبەرە و لەبارەی یاساکە دەڵێت، "ئێمە ئەو یاسایەمان ناوێت، ئێمە دەمانەوێت بە یاسا بە شێوەیەکی ئاسایی رێکبخرێن. ئێمە وەکو هەموو کەسێک کار دەکەین و وەکو هەموو کەسێکیش دەبەخشین، ئێمە بۆ ئەوە شتە لێرەین. ئێمە دەمانەوێت کار بکەین بۆ ئەوەی گوزەرانمان پارێزراو بێت و وڵاتەکە بەرەو پێشەوە ببەین."
مەریەمە سیدیبل، کۆچبەرێکی دیکەیە و ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە بۆ ئارەزووی خۆمان نەهاتینە ئێرە، ئەو کاتەی ئێمە هاتین فەرەنسا پێویستی بە کرێکار بوو و بەدوای کرێکاردا دەگەڕا. من زیاتر لە 20 ساڵە لێرەم و هێشتا حکومەت رەتیدەکاتەوە کە بەیاسا رێکمان بخات، بەڵام ئێمە تاوەکو کۆتایی لە شەڕەکەمان بەردەوام دەبین و ئەوە قبووڵ ناکەین".
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش پێیانوایە کە فەرەنسا بە تووندکردنی یاسای کۆچبەری، مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات، داوا دەکەن بەشێوەیەکی فراوانتر هەوڵ بۆ وەستاندنی یاساکە بدرێت.
32 بەرپرسی حکومەتی خۆجێی فەرەنساش دەڵێن، لە بەرژەوەندیی کۆچبەران ئامادە نین یاساکە جێبەجێ بکەن، سەرۆکشارەوانیی پاریس یەکێکە لەوانە.
ئان هیداڵگۆ، سەرۆک شارەوانیی پاریس دەڵێت، "لە چوارچێوەی ئەرکێکی نیشتمانیدا، دەمەوێت پێتان بڵێم کە من و بەرپرسانی دیکەی هەڵبژێردراو وەکو زۆرینەی ئەوانەی کە بەهاکانی کۆماری فەرەنسا بەرز رادەگرن، دڵتەنگین".
لەساڵی 2022، زیاتر لە 320 هەزار پەناخواز، مافی مانەوەیان لە فەرەنسا پێدراوە؛ لەبەرامبەردا 15 هەزار کەس کەیسەکانیان رەتکراونەتەوە و دیپۆرتکراونەتەوە.
ساڵێک و شەش مانگ بوو گفتوگۆ و مشتومڕێکی زۆر لەسەر یاسای کۆچبەری هەبوو. چەند جارێک یاساکە لەلایەن حیزبەکەی ماری لوپێن، سیاسەتڤانی راستڕۆ و سەرکردەی پارتی بەرەی نیشتمانیی فەرەنساوە رەتدەکرایەوە بە بیانووی ئەوەی یاساکە نەرمونیانی زۆر بەرامبەر کۆچبەران هەیە، بۆیە ماکرۆن ناچاربوو پڕۆژەیاسایەکی تووندتر بنێرێتە پەرلەمان، تاوەکو بتوانێت حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سەرووی هەموویانەوە راستڕۆ دژە کۆچبەرەکان رازیبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ