جیهان

لە وێنەکەدا ئیسماعیل هەنیە دەردەکەوێت کە یەکێکە لە دیارترین سەرکردەکانی حەماس و بەرپرسی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبەیە و لە قەتەر دادەنیشێت.
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرێکی فەرەنسا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی دەیەوێت و هەوڵی بۆ دەدات تاوەکو یەکێتیی ئەوروپا سزا بەسەر سەرکردەکانی حەماس بسەپێنێت.
رۆژی چوارشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2023، لۆرێنس بۆن، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، "فەرەنسا لەسەر ئاستی ئەوروپا هەوڵدەدات، سزا بەسەر کەسایەتییە دیارەکانی حەماسدا بسەپێنێت".
ئەو وەزیرە فەرەنسییە دەشڵێت، بیرۆکەکە ئەوەیە کە چەند کەسایەتییەکی حەماس سزایان بەسەردا بسەپێندرێت و سامانەکانیان سڕ بکرێت، بەڵام ناوی ئەو سەرکردانەی حەماسی ئاشكرا نەکرد، کە دەبێت سزایان بەسەردا بسەپێندرێت.
فەرەنسا، بەگوتەی لۆرێنس، داوا دەکات جگە لە بەرپرسانی حەماس، یەکێتیی ئەوروپا سزا بەسەر هاوپەیمانەکانیشی، وەکو حیزبوڵڵای لوبنانیدا بسەپێنێت.
لۆرێنس ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت پڕۆژەیاسایەک لە کانوونی یەکەمی ئەمساڵ لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە پەسند بکرێت، کە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا پاڵپشتی دەکەن.
لە ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزای بەسەر 10 ئەندامی حەماس لە کەرتی غەززە، سوودان، تورکیا، جەزائیر و قەتەردا سەپاند، کە بەگوتەی بەرپرسانی ئەمریکا لەڕووی داراییەوە یارمەتی حەماسیان داوە.
جەنگی گرووپە چەکدارەکانی غەززە و ئیسرائیل کاتێک فراوان بوو کە گرووپە چەکدارەکان لە 7ـی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ لەژێر ناوی "تۆفانی ئەقسا" هێرشیان کردە سەر باشووری ئیسرائیل و بەهۆیەوە 1200 ئیسرائیلی کوژران.
ئیسرائیل لە تۆڵەی ئەو هێرشەدا لە ئاسمان، زەوی و دەریاوە هێرشی بەرفراوانی کردە سەر غەززە. سوپای ئیسرائیل غەززەی کردووەتە دوو بەش و دەڵێت، بەشی زۆری باکووری شارەکەی کۆنترۆڵکردووە.
تەندروستیی غەززە دەڵێت، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە لە غەززە، تاوەکو ئێستا 14 هەزار و 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و لە ئیسرائیلیش هەزار و 200 کەس گیانیان لەدەستداوە.
دوای 46 رۆژ لە جەنگی بەردەوام، دواجار ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستێکی چوار رۆژە رێککەوتن. حکومەتی ئیسرائیل لە بەرامبەر 50 بارمتە رازی بووە بە ئاگربەستەکە و نەتەنیاهووش دەڵێت، "قورس بوو، بەڵام بڕیارێکی دروستمان دا". ئەمریکاش هیوادارە ئەو هەنگاوە رێخۆشکەر بێت بۆ راگرتنی یەکجاریی شەڕ.
حەماس رایگەیاند، لە چوار رۆژدا 50 ژن و منداڵ ئازاد دەکات، لە بەرامبەر ئەوەدا ئیسرائیل دەبێت 150 زیندانیکراوی فەلەستینی ئازاد بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ