ئەمریکا گرووپی چەکداریی فارک لە لیستی تیرۆر دەردێنێت

23-11-2021
نیشانەکردن فارک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئیدارەی ئەمریکا پلانی هەیە گرووپی چەکداریی فارک لە وڵاتی کۆڵۆمبیا لە لیستی رێکخراوی تیرۆریستیی بیانی دەربێنێت. دەرهێنانی ئەو گرووپە چەکدارییەش لە لیستی تیرۆری ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە پێنج ساڵ پێش ئێستا گرووپەکە رێککەوتنی ئاشتیی لەگەڵ حکومەتی کۆڵۆمبیا واژۆ کرد.
 
دوو بەرپرس کە ئاگاداری زانیارییەکانن بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ئەمریکا رۆژی سێشەممە ئەو بڕیارە رادەگەیێنێت.
 
گرووپی چەکداریی فارک، ساڵی 2016 گەیشتنە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ حکومەتی کۆڵۆمبیا، ئەوەش کۆتایی بە ململانێی درێژخایەنی چەکداریی نێوخۆیی ئەو وڵاتە هێنا کە بووە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و کوژرانی زیاتر لە 260 هەزار کەس.
 
لە ساڵی 2016دا ئەو رێککەوتنە لەگەڵ باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا تاوتوێ کرا، کە ئەو کاتە جۆ بایدن، کە ئێستا سەرۆکی ئەمریکایە، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بوو.
 
فارک لە ساڵی 1997 لەلایەن ئەمریکاوە وەکو رێکخراوێکی تیرۆریستیی ناسێندرا.
 
دوای دانانی چەک، گرووپی فارک بەشداریی سیاسەتی کرد، لە سەرەتادا وەکو هێزی شۆڕشگێڕی ئەڵتەرناتیڤ خۆیان ناساند، کە کورتکراوەکەی لە کۆڵۆمبیا هەر وەکو "فارک" مایەوە. سەرکردایەتیی ئەو حیزبە 10 کورسییان لە کۆنگرێسی کۆڵۆمبیا بەدەستهێنا دوای ئەوەی رێککەوتنی ئاشتییان واژۆ کرد.
 
بڕیاری ئیدارەی بایدن بۆ دەرهێنانی فارک لە لیستی تیرۆر، یەکەم جار لەلایەن رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵەوە ئاشکرا کرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە