رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای پاکستان تۆمەتێکی نوێی دایە پاڵ عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی وڵاتەکە و بەوە تۆمەتباری کرد کە بەڵگەنامە نهێنییەکانی وڵاتەکەی ئاشکرا کردوون، لە ئەگەری ساخبوونەوەی تۆمەتەکانیش لەسەری، عیمران خان ناتوانێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا خۆی بەربژێر بکاتەوە.
رۆژی دووشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2023، شا خاوەر، داواکاری گشتیی پاکستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئیسلام ئابادی پایتەختی وڵاتەکە رایگەیاند: "ئەمڕۆ عیمران خان تۆمەتبار کراوە و تۆمەتەکەی لەبەردەم دادگە بەشێوەیەکی ئاشکرا خوێندرایەوە".
بە گوتەی داواکاری گشتیی پاکستان، جگە لە عیمران خان، شا مەحموود قوڕەیشی، جێگری پێشووی سەرۆکوەزیرانی پاکستان هەمان تۆمەتی دراوەتە پاڵ، پرۆسەی دادگاییکردنیشیان لەم هەفتەیەدا بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەی یاسای پاکستان، هەر بەرپرسێک بەڵگەنامە نهێنییەکانی وڵاتەکە ئاشکرا بکات، جگە لەوەی ناتوانێت جارێکی دیکە بەشداری پرۆسەی سیاسی بکات، دەکرێت بە بەندکردنی تاهەتایی سزابدرێت.
لە مانگی ئابی ئەم ساڵدا، عیمران خان بە "تاوان"ی گەندەڵی و وەرگرتنی دیاری بە سێ ساڵ زیندانیکردن سزادرا.
بە گوێرەی میدیای پاکستان، نزیکەی 150 کەیسی جیاواز لەسەر سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان تۆمارکراون. عیمران خانیش لەبارەی کەیسەکانی دەڵێت، سزاکان سیاسیین و بۆ ئەوەن کە لە هەڵبژاردنی داهاتووی وڵات بێبەشی بکەن.
عیمران خان، تەمەن 71 ساڵ، لە ساڵانی 2018-2022 سەرۆکوەزیرانی پاکستان بوو. ئەو دامەزرێنەر و سەرۆکی جووڵانەوەی پاکستان بۆ دادپەروەرییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ