رووداو دیجیتاڵ
لە باشووری ئەسیوپیا، لانیکەم 229 کەس بەهۆی هەرەسی زەوی لە ئەنجامی بارانێکی بەخوڕ، کەوتنە ژێر قوڕ و لیتە و گیانیان لەدەستدا.
بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن، ژمارەیەک منداڵ و ژنی دووگیان لەنێو ئەوانەن، کە لە ناوچەی کێنچۆ شاچا گیانیان لەدەستداوە.
زۆربەی قوربانییەکان ئەوانەن کە بەیانیی رۆژی دووشەممە (22-7-2024) کەوتوونەتە ژێر خاک و خۆڵی داڕماوی گردەکان.
تیمە فریاگوزارییەکان سەرقاڵی گەڕانن بە دوای خەڵکی بێسەروشوێنبوودا.
بە گوتەی بەرپرسانی ناوچەکە، پێنج کەس بە زیندوویی لە ژێر خۆڵ رزگارکراون.
داگماوی ئایلە کە بەرپرسێکی ناوچەکەیە، دەڵێت "هەندێ منداڵ هەن کە باوەشیان بە تەرمدا کردووە، هەموو خێزانەکەیان بەهۆی رووداوەکەوە لەدەستداوە، لەنێویدا دایک، باوک، خوشک و برا."
تیمەکان سەرقاڵی دۆزینەوەی تەرمی زیاترن و چاوەڕێدەکرێت ئاماری گیانلەدەستدان بەرزببێتەوە.
رووداوەکە دەگمەن نییە؛ لە وەرزی بارانباریندا لە ئەسیوپیا کە تەممووز تاوەکو نێوەڕاستی ئەیلوول بەردەوام دەبێت، هەرەسهێنانی زەوی زوو زوو روودەدات.
وێنەکان: AFP