رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتنێک بۆ وەستاندنی جەنگی ئۆکرانیا "زۆر نزیکە"، بەڵام لەسەر رەتکردنەوەی دەستبەرداربوونی نیمچە دوورگەی کریمیا بۆ رووسیا؛ رەخنەی لە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گرت.
رۆژی چوارشەممە، 23-04-2025، میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە، ترەمپ رازیبووە کریمیا وەک خاکی رووسیا بناسێنێت و دانی پێدا بنێت. رووسیا لە ساڵی 2014 دەستی بەسەر کریمیای ئۆکراینا گرت و بە خاکی خۆیەوە لکاندی.
زیلینسکی لە دژی ئەو بڕیارە گوتی: "ئەوە خاکی ئێمەیە و داننان پێی وەک خاکی رووسیا، لە دژی دەستووری ئێمەیە."
ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیەڵ) نووسی: "لێدوانە دنەدەرەکانی زیلینسکی وادەکات یەکلاییکردنەوەی ئەم جەنگە سەختتر بێت"، هەروەها گوتیشی لێدوانەکانی سەرۆکی ئۆکراینا جگە لە درێژەدان بە "شەڕ و کوشتن" هیچ شتێکی دیکە ناکات.
ترەمپ گوتیشی: "ئێمە لە رێککەوتن زۆر نزیکین، بەڵام ئەو پیاوەی کە هیچ کارتێکی یاریکردنی نییە، دەبێت هەرئێستا بیکات [بڕیار بدات]."
لێدوانەکانی ترەمپ هاوکات بوو لەگەڵ هۆشداریی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کە ئەگەر رووسیا و ئۆکرانیا رێککەوتنێکی ئاشتییانە واژۆ نەکەن، ئەوا ئەمریکا "وازدەهێنێت"، هەروەها نوێنەرانی واشنتن، کیێڤ و وڵاتانی ئەورووپی لە بەریتانیا گفتوگۆیان کرد.
پێشتر ڤانس لە هیندستان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەمریکا "پێشنیازێکی زۆر روونی داوەتە هەردوولا، رووسەکان و ئۆکرانییەکان".
جێگری ترەمپ رایگەیاند: "کاتی ئەوە هاتووە یان بڵێن بەڵێ، یان ئەوەتا ئەمریکا لەم پرۆسەیە بکشێتەوە."
ڤانس گوتیشی ئاڵوگۆڕی زەوی بنەمای هەر رێککەوتنێک دەبێت. "ئەوە مانای ئەوەیە کە ئۆکرانییەکان و رووسەکان دەبێت دەستبەرداری بەشێک لەو خاکەی ئێستای خۆیان بن."
راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەدا، ئەو پێشنیازەی ئەمریکا هەفتەی رابردوو، بۆ یەکەمجار لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا لە پاریس خراوەتە بەرباس.
بەڵام نووسینگەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، "پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا پێداویستییەکی زۆر بەهێزە بۆ ئەورووپییەکان."
ئەم گەڕە دیپلۆماسییە نوێیە، دوای شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا دێت کە ئاگربەستێکی کورتی جەژنی هەستانەوەیان شکاند.
لە هێرشێکی درۆنیی رووسیادا بۆ سەر پاسێک، لە شاری مارگانێتس لە باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کە کرێکارانی دەگواستەوە، نۆ کەس کوژران و لانیکەم 30 کەسی دیکەش برینداربوون، پارێزگاری هەرێمی دنیپرۆپێترۆڤسک هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.
دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا هەروەها رایانگەیاند، هێرش کراوەتە سەر ناوچەکانی کیێڤ، خارکیڤ، پۆڵتاڤا و ئۆدێسا.
دوای هێرشەکان، زیلینسکی داوای "ئاگربەستێکی دەستبەجێ، تەواوەتی و بێمەرج"ـی کرد.
لە رووسیاش، کەسێک بەهۆی تۆپبارانەوە لە هەرێمی بێلگۆرۆد بریندار بوو.
'کارکردن بۆ ئاشتی'
وابڕیاربوو رۆژى چوارشەممە دەیڤد لامى، وەزیرى دەرەوەى بەریتانیا سەرۆکایەتىی کۆبوونەوەیەکى وەزیرانى دەرەوە لە لەندەن بکات، بەڵام نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک.
دیمترى پێسکۆڤ، گوتەبێژى کرێملین، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "تائێستا نەتوانراوە لەسەر هیچ پرسێک رێکبکەوین، بۆیە ئەم کۆبوونەوەیە نەکرا".
کێیس کێلۆگ، نێردەی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا، هەروەها ئیمانوێل بۆن، راوێژکارى دیپلۆماسیى ماکرۆنیش ئامادەبوو.
لامى چاوى بە ئەندریا سیبیگا، هاوتا ئۆکرانییەکەى و روستێم ئومێرۆڤ، وەزیرى بەرگرى کەوت. ئەندریا یەرم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ