رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی هارڤارد دەڵێت، د. بەرهەم ساڵح وەک هاوکاری باڵا لە سەنتەری بێڵفەر بۆ زانست و کاروباری نێودەوڵەتی و بەرنامەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کەنەدی سکووڵ لە زانکۆی هارڤارد دەستنیشان کراوە. بەرپرسانی سەنتەرەکە دەڵێن، بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانیی بەرهەم ساڵح دەکەن.
زانکۆکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "سەنتەری بێڵفەر بۆ زانست و کاروباری نێودەوڵەتی لە کەنەدی سکووڵی هارڤارد بەشانازییەوە دەستنیشانکردنی د. بەرهەم ساڵح، سەرکردەی دیار و رێزلێگیراوی کوردستانی عێراق و سەرۆکی پێشووی کۆماری عێراق وەک هاوکاری باڵا رادەگەیەنێت".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی زانکۆی هارڤارد، "د. بەرهەم ساڵح بە باکگراوندی بەرفراوانی لە بواری ئەکادیمیا و خزمەتی گشتیدا تێگەیشتنێکی قووڵ و ئەزمونێکی دەوڵەمەند دەهێنێت بۆ سەنتەری بێڵفەر بۆ بەرەوپێشبردنی زانیاری پەیوەندیدار بە سیاسەت لەبارەی گرنگترین ئاڵنگارییەکانی ئاسایشی نێودەوڵەتی".
زانکۆی هارڤارد زیاتر لەبارەی سەرۆککۆماری پێشووی عێراق دەڵێت و ئاماژە بەوە دەکات، بەرهەم ساڵح بە "تێگەیشتن و شارەزایی خۆی رۆڵی بەرچاوی دەبێت لە کۆمەڵگەی فێرخوازان و سەرکردەی خاوەن ئەزموون لە بەرنامەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سەنتەری بێڵفەر بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە و فێرکاری لەسەر ناوچەکە و جیهان".
زانکۆی هارڤارد لەو راگەیێندراوەدا بەم شێوەیە باسی لە کارەکانی رابردووی بەرهەم ساڵح کردووە، "بۆ ماوەی دوو دەیە وەکو یەکێک لە گرنگترین کەسایەتییەکان لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خزمەتی کردووە؛ هەشتەمین سەرۆککۆماری عێراق بووە لە 2018 بۆ 2022، دوابەدوای پۆستەکانی دیكهی وەکو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە (2009-2012) و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە (2004 و 2005-2009)، لەگەڵ چەندین پۆستی دیكهدا".
زانکۆی هارڤارد ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان سوود لە تێگەیشتنی بەرهەم ساڵح وەردەگرن لە بەڕێوەبردن و گەشەپێدانی ئابووری.
پڕۆفیسۆر مێگن ئۆسوڵیڤان، بەڕێوەبەری سەنتەری بێڵفەر لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، "د. بەرهەم ساڵح سەرکردەیەکی خاوەن بەهرە و تێڕوانین و بوێریەکی نائاساییە. لە چەندین رۆڵی جیاوازدا، بە دۆخی قورس و مەترسیداردا تێپەڕیوە. ئەو بەو هەموو ئەزموونانە و ئەو وانانەی کە لێیانەوە فێربووە بۆ ئێمەی دەهێنێت لە سەنتەری بێڵفەر. ئەو تێگەیشتنە قووڵانەی ئەو یارمەتیمان دەدات بۆ باشتر تێگەیشتن لە سرووشتی سەرکردایەتی، رووداوەکانی عێراق و ناوچەکە بەگشتی و رووداوەکانی پەیوەست بە پەرەسەندنی رۆڵی 'هێزەکانی رۆژھەڵاتی نێوەڕاست' لە جیهانی ئەمڕۆدا".
مێگان ئۆسوڵیڤان دەڵێت، بەرهەم ساڵح خۆشەویستی بۆ خوێندن و بەرزنرخاندن بۆ خوێندنی باڵا لەگەڵ خۆی دەبات بۆ هارڤارد، هەروەکو لە دامەزراندنی زانکۆی ئەمریکی لە عێراق- سلێمانی دا دەرکەوتووە.
پڕۆفیسۆر تاریق مەسعود لە دامەزراوەی فۆرد و پڕۆفیسۆری دیموکراسی و حوکمڕانی و بەڕێوەبەری بەرنامەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەبارەی بەرهەم ساڵحەوە لەو راگەیێندراوە دەڵێت، "ئەزموون و لێزانیی ئەو وەک سیاسەتمەدار بنیاتنەری دامەزراوە و تێڕوانینێکی عەقڵانی بۆ ناوچەکە دەبێتە مایەی بەهێزکردنی کۆمەڵگەی ئەکادیمی و رۆشنبیریمان. هەموومان لە بەرنامەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەپەرۆشەوە چاوەڕوانین بۆ کارکردن لەگەڵ ئەودا بۆ تێگەیشتنی ورد کە یارمەتیدەر دەبن بۆ کردنی ناوچەکە بە هەرێمێکی ئاشتیخواز و گەشەکرد و ئازاد".
بەرهەم ساڵح دامەزرێنەری زانکۆی ئەمریکی لە عێراق - سلێمانییە و لە ساڵی 2007 و ئێستا سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی زانکۆکەیە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی زانکۆی هارڤارد بێت، "د. بەرهەم ساڵح جەخت دەکاتەوە، لەسەر پابەندبوونی سەنتەری بێڵفەر بۆ هاندانی کۆمەڵگەیەکی فرەچەشن و لەخۆگرتووی خوێندکاران و شارەزایان و خۆتەرخانکردوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان كه روبەڕووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانی ئەمڕۆ دەبنەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ