رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا رایدەگەیێنێت، ئەوان ئامادەن لەسەر بنەمای "رێزگرتنی هاوبەش" گفتوگۆ لەگەڵ ترەمپدا بکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا (کرێملن) لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، رووسیا ئامادەی دیالۆگێکی هاوبەش بوو لەسەر بنەمای رێزی هاوبەش. ئێمە هێشتا چاوەڕێی ئاماژەکان دەکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەکمان پێنەگەیشتووە."
گوتەکانی پێسکۆڤ لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممە 21-1-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر رووسیادا کرد لە ئەگەری ئەوەی سەرۆکی وڵاتەکە بە گفتوگۆکردن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا رازی نەبێت.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، "پێموایە ئەو (پووتین) رووسیا تێکدەشکێنێت ئەگەر رێککەوتن نەکات." جەختی لەوەش کردەوە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ویستی خۆی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئاگربەست و رێککەوتنەوە پیشان داوە.
لە وەڵامی قسەکانی ترەمپ، پێسکۆڤ گوتی، ئەوان "هیچ شتێکی نوێ" لە قسەکانی ترەمپدا نابینن.
رۆژی 20ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، ترەمپ وەکو سەرۆکی ئەمریکا سوێندی یاسایی خوارد. پێشتر چەند جارێک گوتبووی ئەگەر ببێتەوە سەرۆک بە زووترین کات جەنگی ئۆکراینا رادەگرێت.
بەرپرسانی رووسیا چەند جارێک رایانگەیاندووە، ئامادەی گفتوگۆن لەگەڵ ئۆکراینیەکان ئەگەر ئۆکراینا دەست لەو خاکە هەڵگرێت کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵیان دایە.
رووسیا خەتیشی لەوە کردووەتەوە کە نایانەوێت ئۆکراینا ببێتە ئەندامی ناتۆ، ئەم مەرجەیان چەند جارێک لەلایەن بەرپرسانی کیێڤەوە رەتکراوەتەوە.
نزیکبوونەوەی ئۆکراینا لە ئەندامبوون لەو هاوپەیمانێتییەدا و پێشێلکردنی مافی رووسەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا لەلایەن حکومەتی کیێڤەوە، بە دیارترین هۆکاری هێرشی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکراینا دادەنرێت.
رووسیا یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵ کردووە و هەریەکە لە هەرێمەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک و زاپۆریژیای لەژێردەستە و لە 2014ـیشەوە نیمچە دوورگەی کریمیای خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ