هەنگاریا: هیچ رێککەوتنێکمان لەگەڵ تورکیا بۆ قبووڵکردنی ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ نییە

22-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا رەتیکرەوە هیچ رێککەوتنێکیان لەگەڵ تورکیا سەربارەت بە قبووڵکردنی داواکەی سوێد بۆ بوون بە ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ هەبێت و گوتی، دەبێت پەرلەمانی وڵاتەکەی بڕیار لەسەر ئەو پرسە بدات. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2023، ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بوداپێستی پایتەختی وڵاتەکەی گوتی، "هیچ رێککەوتنێکی تورکی-هەنگاری لەسەر ئەو پرسە نییە؛ تەنیا پەرلەمانی هەنگاریا دەتوانێت بڕیار لەسەر ئەوە بدات".
 
سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا گوتیشی، ئامادەییەکی گەورە لەنێو پەرلەمانتارانی پارتی دەسەڵاتدار نییە بۆ ئەوەی داواکەی سوێد بۆ بوونە ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە پەسند بکەن. 
 
لە نیسانی ساڵی رابردوودا دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، فینلاند و سوێد بەیەکەوە داواکارییان پێشکێش بە هاوپەیمانیی ناتۆ کرد بۆ ئەندامبوون لە هاوپەیمانییە سەربازییەکە.
 
رۆژی 4-3-2023 لە بنکەی سەرەکیی هاوپەیمانیی ناتۆ لە برۆکسل، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ و ساولی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە فەرمی ئەندامێتیی فینلاندیان لە هاوپەیمانییە سەربازییەکە راگەیاند و بەو جۆرەش فینلاند بووە 31مین ئەندامی رێکخراوەکە.
 
حکومەتی هەنگاریا دەڵێت، سیاسەتمەدارانی سوێد رەخنە لە سیستمی دیموکراسی وڵاتەکەی دەگرن و ئەوەش شیاوی قبووڵکردن نییە. 
 
هەرچی تورکیایە دەڵێت، حکومەتی سوێد چالاکی ئەو گرووپ و رێکخراوانە کۆتایی پێناهێنێت کە ئەنقەرە وەک تیرۆریست ناویان دەهێنێت، لەوانەش پەکەکە و بزووتنەوەی خزمەتی فەتحوڵڵا گولەن. 
 
تاوەکو ئێستا داواکاری سوێد بۆ ئەندامییەتی هاوپەیمانی ناتۆ پەسند نەکراوە. بڕیاربوو هەفتەی رابردوو پەرلەمانی تورکیا دەنگ لەسەر داواکەی سوێد بۆ هاوپەیمانیەتییەکە بدات، بەڵام رۆژی 16ـی ئەم مانگە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا بە سەرۆکایەتیی فوئاد ئۆکتای، سەرۆکی لیژنەکە کۆبووەوە و دەنگدان بە بەئەندامبوونی سوێدی لە پەرلەمانی تورکیا دواخست.
 
رۆژی 20-12-2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پێشهاتە ئەرێنییەکانی سەبارەت بە فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 16 لەلایەن ئەمریکاوە بە تورکیا و هەڵگرتنی گەمارۆی چەک لەلایەن کەنەداوە لەسەر تورکیا، یارمەتیی ئەنقەرە دەدات بەرەو پەسندکردنی ئەندامێتیی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ هەنگاو بنێت.
 
هاوپەیمانێتیی ناتۆ لە 31 ئەندام پێکدێت. بەگوێرەی بڕگەی 5ـی پەیماننامەی ناتۆ کە لە ساڵی 1949 واژۆ کراوە، هەر هێرشێك بکرێتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، بە هێرشی سەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت و دەبێت هەموو ئەندامەکانی وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە