پووتین: ئامادەین گفتوگۆ لەبارەی راگرتنی شەڕ لە ئۆکراینا بکەین

22-11-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی رووسیا دەڵێت، وڵاتەکەی ئامادەی گفتوگۆیە بۆ ئەوەی "ئەو تراژیدیایەی لە شەڕی ئۆکراینادا هەیە" بوەستێندرێت، دەشڵێت، بەڵام بەرپرسانی ئۆکراینا ئامادەی گفتوگۆکردن نین. 
 
رۆژی چوارشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2023، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتەکەی رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەردەوام تراژیدیایە، بەدڵنیاییەوە دەبێت بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن ئەو تراژیدیایە بوەستێندرێت".
 
سەرۆکی رووسیا رەخنەی لە بەرپرسانی ئۆکراینا گرت بەوەی گفتوگۆ بۆ وەستاندنی شەڕ رەتدەکەنەوە و گوتی، "رووسیا هەرگیز گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ ئۆکراینا رەتنەکردووەتەوە."
 
لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، ڤۆڵۆدێمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا یاسایەکی واژۆ کرد و بەگوێرەی یاساکە هەموو گفتوگۆیەکی لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین قەدەخە کرد. 
 
لە 04-11-2023، میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە، بەرپرسانی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا چەندین کۆبوونەوەیان لەسەر پرسی گفتوگۆی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کردووە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ئەوە بدەن، کە ئۆکراینا دەبێت لەکاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ رووسیا داوای چی بکات. 
 
شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە دوو ساڵ نزیک دەبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ وەستانی شەڕەکە نییە.
 
رووسیا بەشێکی هەرێمی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک، میکۆلیاڤ و زاپۆریژیای لەنێو ئۆکراینا کۆنتڕۆل کردووە، لە ساڵی 2014شەوە هەرێمی کریمیای لە ئۆکراینا لکاندووە بەخۆیەوە و بەبەشێک لە خاکی وڵاتەکەی ناساندوویەتی. 
 
لە حوزەیرانی ئەم ساڵ، سوپای ئۆکراینا بە یارمەتی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، هیرشی پێچەوانەی دژی سوپای رووسیا بۆ ئازادکردنی ناوچەکانی دەستپێکرد.
 
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 10 هەزار کەسی سڤیل لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کوژراون. 
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەشی لەلایەن ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە 70 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون و 130 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لە سووپای رووسیاش، 120 هەزار سەرباز کوژراون و 280 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیار کوردە، پەیمانێری رووداو و مێنن هیوستن، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: خوازیاری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتین

مێنن هیوستن، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە گرنگییەوە سەیری پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و جەختیشی لەسەر پێویستی رێزگرتن لە مافی کەمینەکان لە سووریا کردەوە.