سویسرا دەیەوێت چالاکییەکانی حەماس لە وڵاتەکەی قەدەخە بکات

22-11-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی سویسرا رایدەگەیێنێت، پلانیان هەیە بەگوێرەی یاسایەک چالاکییەکانی حەماس و پاڵپشتیکردنی حەماس لە وڵاتەکەی قەدەخە بکات. 
 
رۆژی چوارشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2023، حکومەتی سویسرا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئەنجوومەنی فیدراڵی بڕیاری لەسەر پرۆژەیاسایەکی فیدراڵی دا بۆ ئەوەی چالاکییەکانی حەماس قەدەخە بکات، ئەوەش گونجاوترین وەڵامە بۆ ئەو دۆخەی کە لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روویداوە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "پڕۆژەیاساکە یارمەتی بەرپرسان دەدات بۆ ئەوەی چالاکییەکانی حەماس و پاڵپشتی رێکخراوەکان لە سویسرا قەدەخە بکەن."
 
ئەگەر پرۆژەیاساکە لە پەرلەمان پەسند بکرێت، ئەوا هەرکەسێک لە وڵاتەکە پشتگیری لە حەماس بکات، ئەوا بە تاوانبار هەژمار دەکرێت و رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە. 
 
پڕۆژەیاساکە لەلایەن پارتی گەلی سویسرا، کە گەورەترین پارتی سویسرایە و بە پارتێکی راستڕۆ ناسراوە، پێشکەشکراوە و پێشبینی دەکرێت لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانەوە پاڵپشتی بکرێت. 
 
هاوکات، حکومەتی سویسرا لە راگەیێندراوێکی دیکەدا حەماسی بە "رێکخراوێکی تیرۆریستی" ناوبرد و گوتی، "دووبارە سەرکۆنەی هێرشەکانی حەماسی تیرۆریست دەکەین، سویسرا دان بە مافی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی و ئەمنیەتەکەی دادەنێت."
 
دوای 46 رۆژ لە جەنگی بەردەوام، دواجار ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستێکی چوار رۆژە رێککەوتن. حکومەتی ئیسرائیل لە بەرامبەر 50 بارمتە رازی بووە بە ئاگربەستەکە و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش دەڵێت، "قورس بوو، بەڵام بڕیارێکی دروستمان دا." ئەمریکاش هیوادارە ئەو هەنگاوە رێخۆشکەر بێت بۆ راگرتنی یەکجاریی شەڕ.
 
حەماس رایگەیاند، لە چوار رۆژدا 50 ژن و منداڵ ئازاد دەکات، لە بەرامبەر ئەوەدا ئیسرائیل دەبێت 150 زیندانیکراوی فەلەستینی ئازاد بکات.
 
جەنگی گرووپە چەکدارەکانی غەززە و ئیسرائیل کاتێک فراوان بوو کە گرووپە چەکدارەکان لە 7ـی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ هێرشی بە ناوی "تۆفانی ئەقسا" دەسپێکرد و هێرشیان کردە سەر باشووری ئیسرائیل و بەهۆیەوە 1200 ئیسرائیلی کوژران. تەندروستیی غەززەش دەڵێت، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە لە غەززە، تاوەکو ئێستا 14 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە