هەرێمەکانی ئەڵمانیا داوای تووندکردنی رێکارەکان دژی کۆچبەران دەکەن؛ حیزبەکانی دەسەڵات دەڵێن 'بێمانایە'

22-09-2023
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
هاوشێوەی رای جیاوازی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتی وڵاتەکە، خەڵکی ئەڵمانیاش رای جیاوازیان لەسەر کۆچبەران هەیە
هاوشێوەی رای جیاوازی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتی وڵاتەکە، خەڵکی ئەڵمانیاش رای جیاوازیان لەسەر کۆچبەران هەیە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کێشەی کۆچبەران بووەتەوە رۆژەڤی گەرمی ئەڵمانیا، تەنیا لە  هەشت مانگی ئەمساڵ دا، 204 هەزار و 461 پەناخوازی نوێ داوای مافی پەنابەرییان کردووە. ئەگەر جاران هەرێم و شارەوانییەکانی ئەڵمانیا هاندەری حکومەتی فیدراڵ بان بۆ وەرگرتنی پەنابەر و دەستی کاری نوێ، لێشاوی کۆچبەران و زۆری داوای پەنابەری وایکردووە، ئێستا هەرێم و شارەوانییەکان ناچار ببن داوا لە حکومەتی فیدراڵ بکەن سنوورێک بۆ وەرگرتنیان دابنێت.
 
زۆربەی هەرێمەکان بەتایبەت باڤاریا کە لە رێڕەوی کۆچبەری هەڵکەوتووە، دەنگیان هەڵبڕیوە. سەرۆکوەزیرانی باڤاریا داوا دەکات حکومەتی فیدراڵ ساڵانە تەنیا 200 هەزار پەنابەر وەربگرێت. 
 
ئۆپۆزیسیۆن ئەو هەلەی دژی حکومەت قۆستووەتەوە و بە بەرجەستەکردنی کێشەی کەمیی شوێنی نیشتەجێبوون، خوێندنگە و مامۆستا، داوا لە حکومەت دەکات سنوورێک بۆ کۆچبەران دابنێت.
 
سۆرستێن فرێی، ئەندام پەرلەمانی فیدراڵ لە پارتی کریستیان دیموکراتەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە پێشنیازێک پێشکەش بە بوندستاگی ئەڵمانیا دەکەین کە کۆمەڵێک چارەسەری بنەڕەتی دەخاتەڕوو، بۆ نموونە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، جێبەجێکردنی جیدییانەی دیپۆرتکرنەوە، پێداچوونە بە لیستی وڵاتانی ناسەلامەت بە وڵاتێکی سەلامەت، هەروەها لەبری یارمەتیی مادی، یارمەتی بە شتومەک بدرێت."
 
ناڕەزایەتی و پڕۆژەی ئۆپۆزیسیۆن دژی کۆچبەران لەلایەن حیزبەکانی دەسەڵاتدارەوە بە تووندی رەت دەکرێتەوە. دەسەڵات پێیوایە مافی پەنابەرێتی، مافێکی بنەڕەتیی مرۆڤە و کەس ناتوانێ لێی زەوت بکات؛ لەم خاڵەدا چەپەکانیش هەمان بۆچوونیان هەیە. 
 
یانین ڤیسلەر، سەرۆکی پارتی چەپەکان بە رووداوی راگەیاند، "داواکارییەکی تەواو بێمانایە، چونکە روونە کە خەڵک لە شەڕ، لە گۆشەگیری و لە برسێتی هەڵدێن، بێگومان ناتوانرێت هیچ سنوورێک دابنرێت، دەبێت ئەوە چۆن بێت؟ مرۆڤەکان لە شەڕ لە ئۆکرانیا هەڵدێن. خەڵک لە شەڕی سوودان هەڵدێن. بێگومان ناتوانین سنوورێک دابنێین.. باسی مافێکی بنەڕەتی دەکەم، مافی پەنابەری مافێکی مرۆڤە و... مافی مرۆڤ سنووری سەرەوەی نییە تاوەکو ئەو کاتەی سنووری سەرەوەی ئازار لەم جیهانەدا نەبێت، ناتوانێت سنوورێکی سەرەوەی بۆ ئەو کەسانەش هەبێت کە بەهۆی ئازارەوە هەڵدێن."
 
هاوشێوەی رای جیاوازی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات، خەڵکی ئەڵمانیاش رای جیاوازیان لەسەر کۆچبەران هەیە. ئۆلاندۆ دانیشتووی ئەڵمانیایە، دەڵێت: "سنووردارکردنی کۆچبەران تاکەچارەسەر، تاکە چارەسەر تووندکردنەوەی سنوورەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپایە."
 
ناتالی دانیشتوویەکی دیکەی ئەڵمانیایە، ئەو رای جیاوازە و پێی وایە، پێوسیتە هاوکاریی هەموو مرۆڤێک بکرێت ئەوەی پێویستی بە هاوکارییە، "لەبەر ئەوەی ئێمە ئەو چانسەمان هەیە ژیانێکی باش بژین. بەڕای من نابێت سنوورەکان دابخەین. پێویستە کۆچبەرەکان بەسەر وڵاتاندا دابەشکرێن و بەو شێوەیە هاوکارییان بکرێت." 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە