کۆنگرەی دیموکراتەکان؛ ئەمریکییەکان تا چەند ئاگاداری پرسی کوردن؟

22-08-2024
دیار کوردە @diyarkurda
بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس قسەیان بۆ رووداو کرد
بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس قسەیان بۆ رووداو کرد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

چاوەکان ئەم رۆژانە لەسەر کۆنگرەی دیموکراتەکانن لە شیکاگۆ، لە کەسانی ئاسایی تاوەکو بەرپرسە باڵاکانی حیزبە شینەکە قسەیان بۆ رووداو کرد، لەنێویاندا بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس، پرسی کورد و ناسینی دۆزەکەی پرسیاری سەرەکیی ئێمە بوو بۆیان تاوەکو ئاستی تێگەیشتنی ئەو پارتە زلهێزەی جیهان بزانین بۆ پرسەکە. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوایین رۆژی کۆنگرەکەیە. ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، بۆمان، تەنانەت هەندێک ئەندامی کۆنگرێسمان بینی کە کوردیان بە باشی نەدەناسی، یانیش چەند شتێکی کەمیان لەبارەی کوردەوە دەزانی.
 
جێنیفەر مەککێڵن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکایە و پێی گوتم، ''پێموایە زۆربەی ئەمریکییەکان کە زۆر بایەخ بە کاروباری دەرەوە نادەن، یانیش زۆر لەبارەی مێژووی جیهان فێرنەکراون، یانیش مێژووی ناوچەکانی دیکە، دەبێت ئێمە هاوکارییان بکەین کە تێگەیشتنی باشتریان هەبێت لەبارەی کورد یانیش ئیسرائیل یانیش میسر یان فەڵەستین، پێویستە تێبگەین کە مێژوومان چۆن کاریگەری لەسەر ئێستامان هەیە، کاریگەری لەسەر داهاتووی ناوچەکە دەبێت.''
 
ئەندامێکی دیکەی کۆنگرێس بەناوی دۆن بەیێر وادیار بوو باشتر لە دۆزی کورد گەیشتووە، گوتی: ''پێموایە کورد هاوپەیمانێکی مەزنن لە عێراق و لە شەڕی دژ بە داعش، پێموایە یەکێک لەو شتە شەرمنانەی کردمان ئەوەبوو کە چاومان نووقاند لەوەی کە تورکەکان بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هێزێکی زۆری کوردیان راماڵی، پێموایە پێویستە بەیەکەوە لە نزیکەوە کاربکەین."
 
هەر لەنێو کۆنگرەکەدا، بە رێکەوت چاوم بە جێری کۆنڵی کەوت، ئەو ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکایە و لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کار دەکات، خۆی لە ناوچەیەکی ڤێرجینیا بەربژێرکردووە کە ژمارەیەکی زۆر خێزانی کورد لەو ناوچەیە دەژین. پێشتر یەکدیمان دەناسی، بۆیەش بە پێکەنینەوە تەوقەی لەگەڵ کردم و هەرچەندە بەپەلە و کۆبوونەوەشی هەبوو، بەڵام گوتی مادام لەسەر کوردە، قسە دەکات.
 
کۆنڵی گوتی، ''هیوادارم پارتەکەم، پشتیوانی لە خواستی کورد بکات بۆ سەربەخۆیی، بۆ ئازدی و بۆ مافی چارەی خۆنووسین.''
 
بەدەم رێگەوەبووین لەگەڵ کۆنڵی، بۆیە گفتوگۆکەمان کەمێک پچڕا، بەڵام ئەوەم لێی پرسی ئێستا حکومەتی عێراق داوای کشانەوەی هێزەکانتان لێ دەکات، لەسەر ئەوە چی دەڵێیت؟ یان چ کاریگەرییەکی لەسەر پشتیوانییەکانی ئێوە بۆ پێشمەرگە دەبێت لە شەڕی داعش.
 
کۆنڵی گوتی، ''پێموایە ئەمریکا بەرپرسیارێتییەکی هەیە بەر لەوەی هەر بڕیارێکی کشانەوە بدات، دەبێت دڵنیابێت لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و لەنێویاندا بۆ کوردیش.''
 
لەسەر هەمان پرس، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، پرسیارم لە هەردوو ئەندامەکەی دیکەی کۆنگرێسی ئەمریکا کرد کە پێشتر لەبارەی کورد قسەیان بۆ کردم. 
 
جێنیفەر مەککێڵن رایگەیاند، ''من پشتیوانی لە هەبوونی هێزەکانمان لەو ناوچانە دەکەم کە دەتوانین هاوکاربین نەک تەنیا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆمان، بەڵکو بۆ پاراستنی هاوپەیمانەکانیشمان، زۆر گرنگە ئەو هاوسەنگییەی هێز هەبێت، یانیش کاتێک پێویست دەکات، هاوکاری مرۆیی پێشکێش بکەین."
 
هەروەها دۆن بەیێر رایگەیاند، ''من پشتیوانی لە کشانەوەی هێزەکانمان ناکەم، هەرچەندە ئەمە لێدەگەڕێم بۆ سەرۆک هاریس کە دەستبەکاربوو، بەڵام من سوپاسگوزارم لەو کارە نزیکەی لەگەڵ کورد کردمان بۆ تێکشکاندنی داعش، بۆیەش پێموایە پێویستە دڵنیابین داعش ناگەڕێتەوە.''
 
ئەمە بۆچوونی تەنیا سێ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکابوو، قسەم لەگەڵ چەندین سێناتۆر و ئەندامی دیکەی کۆنگرێسیش کرد، هەندێکیان چونکە هیچ زانیارییان نەبوو، ئامادەنەبوون قسە بۆ کامێرا بکەن و هەنێکیشیان بەباشی کوردیان دەناسی و بە هاوبەشی گرنگ ناویان دەبرد.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەفسەرانی پۆلیسی ئیتاڵیا لە کەناراوی کارابینێری وڵاتەکەیان کاتێک بەشوێن تەرم و پاشماوەی بەلەمێکی نقومبووی کۆچبەران دەگەڕێن لە 26-2-2023. وێنە: Reuters

ئیتاڵیا بە رێگریکردن لە بەهاناوەچوونی کۆچبەران تۆمەتبار دەکرێت

سەرۆکی رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور رایگەیاند، حکومەتی ئیتاڵیا بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسایەکی تایبەت بە بەهاناوەچوونی کۆچبەرانەوە دەستی بەسەر کەشتییەکیاندا گرتووە و تۆمەتەکەش رەتدەکاتەوە. دەشڵێت، ئەم کارەی حکومەتی ئیتاڵیا رێگریکردنە لە بەهاناوەچوونی کۆچبەران.