رووداو لە مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم؛ داوای قەدەخەکردنی بێڕێزی بە قورئانی پیرۆز دەکرێت

22-07-2023
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو بۆ سوێد چووەتە مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم
ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو بۆ سوێد چووەتە مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نێردراوی رووداو چووەتە مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم کە سەلوان مۆمیکا لەوێ قورئانی پیرۆزی سووتاند، رۆژانە سەدان موسڵمان بۆ نوێژ و پەرستشەکان رووی تێدەکەن. ئیمامی مزگەوتەکە داوا دەکات بێڕێزی و سووتاندنی قورئانی پیرۆز بووەستێندرێت.
 
مەحموود خالقی، پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم بە رووداوی گوت، "دامەزراوە ئیسلامییەکان لە سوێد کۆبووینەوە بۆ ئەم تاوانە بۆئەوەی سنوورێک دابنێین بۆ ئەم گاڵتەجاڕییە کە دەیان جارە دووبارە دەبنەوە، هەروەها لەسەر چەند چالاکی و دەستپێشخەرییەک رێککەوتووین بۆ ناساندنی قورئانی پیرۆز و پەیامی ئیسلام و دەستمان کرد بە رێکخستنی چەند خۆپێشاندانێک بۆ گەیاندنی چەند پەیامێکی روون بە کاربەدەستان و خاوەن بڕیارەکان."
 
سووتاندن و بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز بۆ جاری دووەم لە لایەن سەلوان مۆمیکا لە سوێد، کاردانەوەی تووندی عێراق و وڵاتانی ئیسلامی لێکەوتەوە، بەغدا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ستۆکهۆڵم پچڕاندووە و کارمەندانی باڵیۆزخانەی سوێدێش گەڕانەوە ستۆکهۆڵم. 
 
دەستووری سوێد جیاوازە لە وڵاتانی دیکە، ئەگەر وڵاتانی دیکە دەستوورەکەیان لە یەک دۆکیومێنت نووسرابێت، ئەوا سوێد چوار دۆکیومێنتی هەیە، پێکەوە رۆڵی دەستوور دەگێڕن، دوو لەو دۆکیومێنتانەش تایبەتن بە پاراستنی ئازادیی میدیا و ئازادیی رادەربڕین. 
 
قادر قاسیرگا، ئەندام پەرلەمانی سەر بە پارتی سۆسیال دیموکراتەکان بە رووداوی راگەیاند، "سوێد لە جیهان نەک تەنیا بە وۆلڤ و ئەریکسۆن بەنێوبانگە، بە دیموکراسییەکەیەوە بەنێوبانگە، دیموکراسییەکەی سوێد نزیکەی 100 ساڵە هەیە و بنکەکەی ساخە و پارتە سیاسییەکانی سوێد دەیانەوێ ئەمە بپارێزن."
 
سوێد بە وڵاتێکی دیموکراسیی سکاندەناڤی ناسراوە، نزیکەی 400 هەزار موسڵمان لەو وڵاتەدا دەژین. بەپێی دەستوور، ئازادن  پەیڕەوی لە ئایینی خۆیان بکەن، بەڵام ئێستا موسڵمانان داوا دەکەن یاسایەک بۆ پاراستنی قورئانی پیرۆزیش دەربکرێت. 
 
مامۆستایەک دەڵێت، "من پێموانییە قورئان سووتاندنەکە باش بێت، پێموایە بەڕاستی خراپە، من وا بیری لێدەکەمەوە. بە باشی نازانم، شتێک نییە کە باش بێت بۆ سوێد، بەڕاستی بەڕاستی خراپە بۆ سوێد و هەروەها بێگومان خراپە بۆ ناوبانگی وڵاتەکە و وێناکردنی خەڵکی سوێد کە دەڵێن خەڵکی سوێد رقیان لە موسڵمانە، ئەوە دروست نییه."
 
کاتێک قسە دێتە سەر ئازادیی رادەربڕین، سوێد لەپێش سووتاندنی قورئان و دوای ئەو رووداوە لە یەک ناکات، بەڵام قورسیشە بۆ سیاسییەکان بە ئاسانی ملبدەن گۆڕانکاری لە یاسا ریشەییەکانی ئەو وڵاتەدا بکرێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە