رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی فەرەنسا رایدەگەیێنێت، 168 کۆچبەرییان لە خنکان رزگار کردووە کە ویستوویانە بە بەلەمی بچووک لە نۆکەندنی ئینگلیز بپەڕنەوە بەریتانیا.
رۆژی هەینی، 21ـی ئاداری 2025، پۆلیسی فەرەنسا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، کۆچبەرەکان لە نزیک کەناراوەکانی جەنگەڵی دانکیخ و جەنگەڵی کالێ لە چوار ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا رزگار کراون.
بەگوتەی پۆلیس، سێ لە کۆچبەرەکان بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری بولۆنیسمێر لە باکووری فەرەنسا کراون.
لەم چەند رۆژەی دواییدا هەوڵی کۆچبەران بۆ پەڕینەوە لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا زیاتر بووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کەشوهەوا گونجاوە و لە بایەک لە باشوورەوە بەرەو باکوور دەڕوات و یارمەتی رۆیشتنی بەلەمەکان بە ئاراستەی بەریتانیا دەدات.
تەنیا لە هەفتەی رابردووەوە، دوو کۆچبەر لەکاتی پەڕێنەوە لە نۆکەندنی ئینگلیز گیانیان لەدەستداوە؛ لە سەرەتای ئەم ساڵیشەوە هەشت کۆچبەر لە نۆکەندەکە خنکاون.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە بەرپرسانی فەرەنسا بڵاویان کردووەتەوە، ساڵی رابردوو، 77 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز خنکاون.
پاریس و لەندەن هەردوولایان بە یەکەیەوە هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوە و دەستگیرکردنی ئەو قاچاخچییانەیان دەستپێکردووە کە خەڵک لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا دەگوازنەوە.
بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، پێرار 29 هەزار و 437 کۆچبەر چوونە ئەو وڵاتە، بەڵام پار ژمارەکە گەیشتە 36 هەزار و 816 کۆچبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ