بەریتانیا بایەخ بە هێزی تەکنەلۆژی دەدات و ژمارەی سەربازەکانی کەم دەکاتەوە

22-03-2021
سۆران عومەر
نیشانەکردن بەریتانیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەریتانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی خاوەنی سوپایەکی بەهێز و چەکی پێشکەوتووە؛ ئەو وڵاتە لە پلەی پێنجەمدایە لەڕووی هێزی سەربازییەوە و لەدوای هەریەکە لە ئەمریکا، رووسیا، چین و هیندستان دێت. بەڵام پلانی حکومەتی بەریتانیا ئەوەیە کە سوپاکەی لە رووی چەک و تەکنەلۆژییەوە بەهێزبکات و لە بەرامبەریشدا نزیکەی 10 هەزار سەربازی کەم دەکاتەوە. 
 
سوپای بەریتانیا خاوەنی زیاتر لە 110 هەزار سەربازە؛ لەو ژمارەیە 30 هەزار و 20 سەربازیان یەدەکن. بە جێبەجێکردنی ئەو پلانە، ژمارەی سەربازانی بەریتانیا بۆ 100 هەزار کەس کەم دەبێتەوە.
 
بەپێی پلانەکەی حکومەتی بەریتانیا، ئەم کەمکردنەوەیە کاریگەری لەسەر توانای سوپا نابێت، بەڵکو بەهێزتری دەکات، چونکە شوێنی ئەو سەربازانە بە رۆبۆت، درۆن و هێزی ئینتەرنێتی و ئەلیکترۆنی پڕدەکرێتەوە.
 
میدیای بەریتانیا دەڵێت، قەبارەی سوپای وڵات لە ژمارەی سەربازە ئامادەکان کەمدەکرێتەوە نەوەک سەربازی یەدەک، بەمەش ژمارەی سەربازە  ئامادەکان بۆ 70 هەزار کەم دەکرێنەوە.
 
بەپێی زانیارییەکان، وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە تانک و فڕۆکەش کەمدەکاتەوە، بەڵام کەشتییە سەربازییەکان و ژێرئاوییە جەنگییەکان زیاتر دەکات.  
 
بێن واڵاس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەکرد، پلانەکە کەمکردنەوەی سەرباز دەگرێتەوە و گوتیشی، بەهێزکردنی تەکنەلۆژیی سەربازی پێویستی بە بودجەی تایبەت دەبێت و لە رۆژانی داهاتووشدا راگەیێندراوی تایبەت لەو بارەوە بڵاودەکەنەوە. 
 
ئەمە یەکەمجار نییە ژمارەی سەربازانی بەریتانیا کەم دەبنەوە؛ لە نێوان ساڵانی 2012 و 2015 ژمارەی سەربازە ئامادەکانی بەریتانیا لە نزیکەی 100 هەزارەوە بۆ 86 هەزار کەمکرانەوە، لە 5 ساڵی رابردووشدا نزیکەی 6 هەزار سەربازی دیکە کەمکرانەتەوە. بەڵام ئەو کەمکردنەوانە پلانێکی سەربازیی نەبوون، بەڵکو تەنیا ئەوانەی کە لە خزمەتی سەربازی تەواوبوون شوێنەکانیان پڕنەکرایەوە. 
 
جگە لە کەمکردنەوەی ژمارەی سەرباز، هەندێک گۆڕانکاری دیکە لەنێو سوپای بەریتانیا دەکرێن؛ بۆ نموونە، هێزی مارێنزی شاهانەی بەریتانیا دەبێتە هێزێکی نوێی کۆماندۆ و ئەرکەکانی هاوشێوەی ئەرکە تایبەتەکانی وەک هێزی ساس (هێزی ئاسمانیی تایبەت) و ئێس بی ئێس (هێزی سەربازی دەریایی تایبەت)ی لێدێت و لە ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی بەریتانیا بەشداری دەکەن.
 
جگە لەم گۆڕانکارییانە، بەریتانیا پلانیشی هەیە ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکانی لە 180 دانەوە بۆ 260 دانە بەرزبکاتەوە. 
 
لە وەڵامی ئەو رەخنانەی لە بەشێک لە پلانەکەی حکومەتی بەریتانیا دەگیرێن، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە رایگەیاند، "هێزەکانمان بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی داعش لە عێراق، هەڕەشەکانی رووسیا لە سەر سنووری دەریای باڵتیک و رێگریکردن لە گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر".  
 
حکومەتی سێبەری بەریتانیا بە سەرکردایەتی پارتی کار رەخنە لەو بڕیارەی وەزارەتی بەرگریی دەگرێت و پێیوایە هەڕەشەکان بۆ سەر بەریتانیا لە رابردوو زیاترن، کەچی حکومەت بیر لە کەمکردنەوەی سەربازەکانی دەکاتەوە، کە ئەمەش توانای بڵاوەپیکردنی سەربازەکانی بەریتانیا لە جیهاندا سنووردار دەکات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەیەکی F18ـی سەر بە هێزی دەریایی سوپای ئەمریکا

ئەمریکا "بە هەڵە" فڕۆکەیەکی لە دەریای سوور دەخاتە خوارەوە

سوپای ئەمریکا ئەمڕۆ رایگەیاند، هێزەکانیان "بە هەڵە" فڕۆکەیەکی جەنگیی وڵاتەکەیان لە ئاسمانی دەریای سوور خستووەتەخوارەوە، لە ئەنجامدا کورسیی فڕۆکەوانەکانی فڕێدراونەتە دەرەوە و بە رزگاریان بووە.