رووداو دیجیتاڵ
عەلی ئەرتان تۆپراکی تەمەن 55 ساڵان، سیاسەتڤانێکی ناسراوە لە ناو کورد و پارتەکانی ئەڵمانیا، سەرۆکی جڤاکا کوردی ئەڵمانیایە. لە کاتێکدا لەسەر لیستی کریستیان دیموکرات پاڵێوراوە بۆ ئەندام پەرلەمانی هامبۆرگ و فیدڕاڵ، سیاسەتی پارتەکەی بەرامبەر کۆچبەران بۆ هاوزمان و دەنگدەرانی شی دەکاتەوە.
عەلی ساڵی 1969 لە خێزانێکی کوردی عەلەوی لە ئەنقەرە لە دایکبووە. گەنجێتی لە ئەڵمانیا بەسەربردووە. 30 ساڵ سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی عەلەوییەکانی ئەڵمانیا بووە. هەروەها چەندین ساڵ ئەندامی پارتی سەوز بووە لە شاری هامبورگ، لە ساڵی 2014 دەچێتە نێو کریستیان دیموکرات و لەو پارتەدا دەبێتە ئەندام پەرلەمان. ئێستاش بەربژێری پارتەکەیە بۆ پەرلەمانی هامبورگ و پەرلەمانی فیدراڵ.
عەلی ئەرتان تۆپراک، بەربژێری پارتی کریستیان دیموکرات لەبارەی خۆپاڵاوتنی لەسەر ئەو پارتە باس لەوە دەکات، "بە رای من دەتوانم لە پارتی کریستیان دیموکرات (CDU) سیاسەت بکەم، چونکە پێموایە دەتوانم باشتر نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانی کورد لەناو ئەو پارتە بکەم. هەروەها لە رووی سیاسەتی دەرەوەشەوە پێموایە کریستیان دیموکرات وەک پارتێکی ئەورووپی روانگەی دروستی هەیە.دەنگی کورد لە گەورەترین پارتی ئەڵمانیادا ببیسترێت. نەک تەنیا ببیسترێت، بەڵکو دەرفەتیشم هەبێت کە لە بەرژەوەندی کورد کاریگەریم لەسەر سیاسەتی ئەڵمانیا هەبێت."
عەلی پێیوایە کورد و سیاسەت دووانەیەکی لێک دانەبڕاون. دەڵێت، بۆ ئەوەی خۆمان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆمان بدەین، پەرلەمانم هەڵبژاردووە و لەوێ نوێنەرایەتیی کورد دەکەم.
عەلی ئەرتان تۆپراک، بەربژێری پارتی کریستیان دیموکرات باس لەوە دەکات، "وەک سیاسەتمەدارێکی بە رەچەڵەک کورد دەمەوێت کێشەکانی ئەڵمانیا چارەسەر بکەم، بەڵام نامەوێت لەبیری بکەم کە خەڵکی کوێم. وەک سیاسەتمەدارێک کە بە رەچەلەک کوردم، بەتایبەتی دەمەوێت نەک تەنیا لە ئەڵمانیا، بەڵکو پشتگیری لە داواکارییەکانی کورد بکەم. دەمەوێت لە رووی سیاسەتی دەرەوەشەوە پشتگیری لە هەرێمی کوردستان و مافی چارەی خۆنووسینی کورد بکەم. دەمەوێت بۆ ئەمە کار بکەم ئەگەر لە بەرلین هەڵبژێردرام."
درووشمی پارتەکەی "داخستنی ئەو مزگەوتانەیە کە تێدا بانگەواز بۆ رق و کینە و دژایەتی دەکرێت" و هەوڵی خۆی بەرجەستەکردنی مسوڵمانی ئاشتیخوازە.
عەلی ئەرتان تۆپراک، بەربژێری پارتی کریستیان دیموکرات لەبارەی ئیسلام و دیموکراسی باس لەوە دەکات, "جیهان هیوای لەوە بڕیوە کە ئیسلام لەگەڵ دیموکراسی دەگونجێت. بۆ من، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، کورد نموونەیەکی زۆر باشن بۆ ئەوەی پیشانی جیهانی بدەن کە نەخێر، دەتوانێت کار بکات. ئیسلام و دیموکراسی دەتوانن پێکەوە کار بکەن. موسڵمانانیش دەتوانن زۆر باش بە شێوەیەکی دیموکراسی بیر بکەنەوە و بە دیموکراسی بژین."
عەلی جگە لە شەڕی نزیکی کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی فیدراڵە، خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمیش ئامادەکردووە کە مانگی داهاتوو لە هامبۆرگ بەڕێوەدەچێت. دەنگدەران لەم هەرێمە مافی 5 دەنگیان هەیە.
کەیوان سابیر، هاونیشتمانیێکی دەرچووی زانکۆیە و باس لەوە دەکات، "بەدڵنیاییەوە بۆ کوردانی دانیشووتی ئەڵمانیا زۆر گرنگە نوێنەرمان هەبێت لە پەرلەمانی وڵاتەکە، چونکە هەبوونی هەر نوێنەرێک لە پەرلەمان زیادبوونی دەنگێکە. زیادبوونی نوێنەریش وادەکات کاریگەریمان لەسەر سیاسەتی وڵاتەکە هەبێت، بەتایبەتی ئێستا پارتە راستڕۆکان دەنگەکانیان لە ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەورووپا زیادی کردووە."
لەکۆی چوار هەزار و 506 بەربژێر بۆ پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا، تەنیا 12ـیان کوردن و لە رکابەرییەکی سەخت دان بۆ ئەوەی کورسی پەرلەمانی وڵاتەکە بەدەستبهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ