جیهان
پۆلێکی دواناوەندی لە قوتابخانەیەکی رووسیا کە وانەی تایبەت بە درۆن تێیدا دەخوێندرێت. وێنە: ئاژانسی تاس
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی رووسیا رایگەیاند، لە ساڵی نوێی خوێندندا وانەی چۆنییەتی بەکارهێنانی درۆن بە قوتابیانی پۆلەکانی دواناوەندی دەگوترێتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 21-8-2023، وەزارەتی پەروەردەی رووسیا لە راگەیێنراوێکدا گوتی، بۆ لەمەودوا قوتابیان "تێگەیشتنیان بۆ رێگەکانی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەبێت لە شەڕدا". وەزارەتەکە ئەوەشی روونکردەوە، قوتابیان فێری ئەرکی کردارییانەی درۆن و چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی هێرشی درۆنی "دوژمن" دەکرێن.
راگەیێنراوەکەی وەزارەتی پەروەردەی رووسیا لەکاتێکدایە، ئێستا خاکی رووسیا ناوە بە ناوە بە درۆنی ئۆکراینا دەکرێتە ئامانج.
قوتابیان لە تەمەنەکانی 15 بۆ 17 ساڵی بەشداری لە وانەی درۆندا دەکەن. وانە نوێیەکەی قوتابخانەکانی رووسیا تەنیا بەکارهێنانی درۆن ناگرێتەوە، بەڵکو بەکارهێنانی چەکی ئۆتۆماتیکی لە جۆری کڵاشینکۆڤ و نارنجۆکیشی تێدایە.
لەوکاتەوەی رووسیا لە 24ی شووباتی 2022 هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراینا، بەرپرسانی رووسیا هەوڵی بڵاوکردنەوەی بیرێکی تووندی نیشتمانپەروەری و خۆبەختکردن لە نێو قوتابخانەکان دەدات.
کرێملن هاوکات هەوڵدەدات "گفتوگۆی گرنگ" لەنێو پۆلەکاندا بکرێت لەبارەی رووداوەکانی جەنگی دووەمی جیهانی و بنەما و بەهاکانی رووسیا. هەروەها گفتوگۆ لەبارەی ئەوەی بۆچی هێرشکردنە سەر ئۆکراینا رەوایە، بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ