كورد لە ئیستۆنیا بێگانە نین

21-08-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن ئیستۆنیا کورد
A+ A-

رووداو – تالین

ئێوارەیەكی گەرمە لە شاری تالین، كەشتییەكان سەرەیان گرتووە بۆ دابەزینی گەشتیارەكان، شەقامەكانی پایتەختیش جمەیان دێ لە میوان. ئەم چەند رۆژە لە ئیستۆنیا تایبەتە، چونكە خەڵكی وڵاتەكە سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ یادكردنەوەی سەربەخۆیی كە 20ی ئابی هەموو ساڵێكە.

(رووداو) ئەم یادەی بە دەرفەت زانی تاوەكو ئەو كورد و ئیستۆنیانە بدۆزێتەوە كە پێكەوە هاوسەرگیرییان كردووە. كوردەكان خۆیان بە بەشێك لە كۆمەڵگەی ئیستۆنی دەزانن، ئیستۆنییەكانیش بەهۆی نزیكیی كولتووریان و ئێش و ئازاری هاوبەشیان خۆیان بە نزیك لە كورد دەزانن.

مەهناز لەگەڵ هاوژینە ئیستۆنییەكەی لە سوێدەوە هاتوون و پێكەوە لە كەشتییەكە دادەبەزن. پۆشاكی میللیی ئیستۆنییان لەبەر منداڵەكانیان كردووە. مەهناز خەڵكی سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانە و هاوژینەكەشی خەڵكی تالینە. بەهۆی ئیش و خوێندنەوە هەردووكیان لە سوێد دەژین و زوو زوو سەردانی تالین دەكەن، بەڵام وەك مەهناز دەڵێت، ئەمجارە تایبەتە "چونكە یادی سەربەخۆیی ئیستۆنیایە كە بەلای ئێمەوە وەكو جەژن وایە".

هاوژینەكەی مەهناز بە كوردییەكی رەوان قسە دەكات كە ئەگەر رەنگ و روخساری بەلاوەبنێی، هەست ناكەی كورد نییە. ناوی كوردی و ئیستۆنییان لە منداڵەكانیان ناوە. مەهناز و ماتیۆسی هاوژینی، نموونەی دەیان خێزانی هاوبەشی كورد و ئیستۆنین كە نەریت و كولتوور و مێژووەكەشیان تاڕاددەیەك لە یەكەوە نزیكە.

ئەگەرچی 24/2/1918 رۆژی سەربەخۆیی و دامەزراندنی ئیستۆنیایە و زۆر رێزی ئەو رۆژەش دەگرن، بەڵام بەهۆی جیابوونەوەیان لە یەكێتیی سۆڤیەت لە 20/8/1991 ، ئیستۆنییەكان زۆرتر ئەو رۆژە بە رۆژی سەربەخۆیی دەزانن. 

بەو پێیەی بەهاری 1991یش رزگاربوونی كوردی باشوورە لە دەست رژێمی بەعس، بۆیە هاوكاتبوونی سەربەخۆیی ئیستۆنیا و رزگاربوونی كورد، بەلای خێزانە كوردی – ئیستۆنییەكانەوە زۆر تایبەتە.

یاسین تەها، كوردی دێرینی سوێدە و لە هەشتاكانەوە رووی لە ئەوروپا كردووە. لە ساڵانی نەوەتەكان شەیدای كچە ئیستۆنییەك دەبێت و دەیخوازێت و تاوەكو ئێستاش بەیەكەوەن. ئەو دەڵێت: "ئیستۆنی نزیكترین نەتەوەی ئەوروپییە لە كورد، ئەوەندەی تێبینیم كردووە، سەركەوتووترین ژیانی خێزانیش بۆ كوردی ئەوروپا هەر لەگەڵ ئەوان بووە".

هاوژینە ئیستۆنییەكەی یاسین زۆر رێز لە بۆنەكانی كورد دەگرێ‌ و لەگەڵ ئەودا بەشدارییان تێدا دەكات، بە تایبەتی یادی راپەڕینی 1991، چونكە ئەوانیش لە ساڵی 1991 دووبارە سەربەخۆییان وەرگرتووە. 

یاسین تەها دەڵێت: "دەیان خێزانی دیكەی وەك ئێمە هەن، پێكەوە ئەو یادە دەكەینەوە، كولتور و مێژوومان زۆر لەیەك نزیكە، زۆر جاریش ئاهەنگی بە كۆمەڵ دەكەین، كەم كەسی ئەم وڵاتە هەیە نەزانێ كورد و بەهاری 1991 چییە". 

یاسین گوتیشی: "لەڕووی سیاسی زۆر لە یەك تێدەگەین و بەڕاستی خەمی هاوبەشمان هەبووە. دراوسێی خراپ، داگیركاری، ئاوارەیی و ئەنفال، ژێردەستەیی و رێگری لە سەربەخۆیی، ئێمە لە هەشتاكاندا خراینە ژێر لمی بیابانەكانی عێراق، ئەوانیش لە چل و پەنجاكاندا برانە سیبیریا و لەوێ‌ زیندەبەچاڵ كران".

شتێكی دیكە كە كوردی نێو كۆمەڵگەی ئیستۆنی دڵخۆش كردووە و بگرە شانازی پێوە دەكەن، وەك كوردێكی دیكە باسی دەكات، هەڵوێستیانە لەبارەی ریفراندۆم "پەرلەمانی ئیستۆنی یەكەم ناوەندی سیاسیی جیهان بوو كە دانی بە ریفراندۆم و خواستی سەربەخۆییدا نا، ئەمە هاوبەشیی مێژوو و لێكتێگەیشتنمان نیشان دەدات، بەڕاستی جێگەی شانازیمانە و زیاتر ئەم وڵاتەم لا خۆشەویست دەكات". ئەمە گوتەی رێبواری 48 ساڵانە كە خۆی و دوو ئەندامی دیكەی بنەماڵەكەیان ژنی ئیستۆنییان هەیە.

رێبوار دەڵێت: "رۆژی گشتپرسی بە هەر شەقامێكدا دەڕۆیشتم، دەستخۆشییان لێدەكردم و دەیانگوت بڕیارە راستەكەتان دا، ئەوان زۆر لە ئێمە تێدەگەن". 

رێبوار حەمەلاو باسی جیاوازیی ئیستۆنییەكان لەگەڵ گەلانی دیكەی ئەوروپا دەكات و دەڵێت: "سادەن، خۆبەزلزان نین، زۆر عاقڵن، درەنگ پیر دەبن، رەزیل نین". بۆیە هانی كوردی تاراوگە دەكات هاوسەرگیری لەگەڵ ئیستۆنییەكاندا بكەن. 

ئیستۆنیا سنووری ئاوی لەگەڵ سوێد و فینلاند هەیە و كاریگەرییان لەسەریەكدی هەیە. سامی مستەفا، مامۆستای زانكۆ و شارەزا لە زانستی كۆمەڵناسی دەڵێت: "لە پاڵ ئەو مێژووە هاوبەشەی لە نێوان گەلی كورد و ئیستۆنی هەیە، لە مێژووی نوێشدا شتێكی هاوبەش هەیە كە گەڕانەوەی ئازادییە لە 1991". 

مستەفا دەشڵێت: "دوای ئەو ئازادییەی 1991 بێكاری و قەیرانی ئابووری رووی لە هەردوو وڵاتەكە كرد، هەم كورد و هەم ئیستۆنییەكان روویان لە باكووری ئەوروپا و فینلاند و سوێد كرد، بۆیە ئەگەر دیقەتیش بدەی، زۆرینەی ئەو كوردانەی هاوژینی ئیستۆنییان هەیە، كوردی فینلاند یان سوێدن". 
 
ئیستۆنیا یەكێك لە وڵاتە پێشكەوتووە تازە گەشەسەندووەكانی دنیایە. بە بڕوای سامی مستەفا، باشترین ئەزموونە بۆ پێشخستنی سیاسەت و ئیدارەكردن لە كوردستان".

ژیان كچێكی ئیستۆنییە، دوای ئەوەی عاشقی كوڕێكی كورد دەبێت، لەگەڵی دێتە سوێد و هەر لەوێش دەژین. دەست بە خوێندنی زمانی كوردی دەكات و هەر بەو بۆنەیەشەوە بە فەرمی ناوی خۆی دەكاتە ژیان. 

ژیان دەڵێت دوای ناسینی هاوژینەكەی، بە شێوەیەك ژیانی گۆڕاوە، وەك ئەوەی بووبێتە كەسێكی دیكە "ژیانم 180 پلە گۆڕا، ئێستا هەست دەكەم هەولێر شوێنی لەدایكبوونمە، ساڵی جارێك دووجار دەچمە كوردستان، دوو تا سێجاریش دەچینەوە تالین".

گوتیشی: "لە خۆشەویستیم بۆ ئەو كۆمەڵگەیە، لە سادەییەكەی، ناوی خۆم كردە ژیان، مەبەستم بوو ناوێكی تەواو كوردی بێت و خێزانەكەشم خۆشحاڵ بوون كە ناوم كردە ژیان". 

ماركۆس لە ناوەندی شاری تالین، لە چێشتخانەیەك كار دەكات. ئەو نەك سیاسی نییە، بەڵكو كەسێكی تەواو سادەشە. بەڵام هەر لەگەڵ گەیشتنی پەیامنێری (رووداو)، پرسیاری لەسەر ژیانی كورد لە عێراق و دوایین رووداوەكان كرد، وەك ئەوەی زانیاریی تەواوی هەبێت. ماركۆس گوتی: "نە خەڵكی ئەو وڵاتەی ئێستاتان، نە دراوسێكان، نە پێگە جوگرافیەكەتان هاوكار نییە بۆ بڕیاردان لە سەربەخۆیی".

لەبارەی ژیانی رۆژانە و بوونی كورد لەو وڵاتە، ماركۆس گوتی: "لەگەڵ ئەم پێشكەوتنەی ئێستا لێرە هەیە، بەڵام ژیان ئەستەمە و كەمێك قورسە، رەنگە هەر ئەوەش وای كردبێت ئەو كوردانەی كچانی ئیستۆنی دەخوازن، لێرە نەمێننەوە و زوو بڕۆن، بەڵام زوو زوو دەیانبینم و زۆر دێنە ئەم رێستورانتە، كورد بێگانە نییە لێرە". 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان فەرمانی دەستگیرکردن بۆ نەتەنیاهوو دەردەکات

دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەریەک لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و محەممەد زێف، فەرماندەی سەربازیی حەماس دەردەکات.