ئینستیتیوتی کورد لە رۆما: ئەو کۆچبەرانەی دێنە ئیتاڵیا دیپۆرتی ئەلبانیا دەکرێن

21-06-2024
پەیمان محەممەد
ژمارەیەک کۆچبەر لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا.
ژمارەیەک کۆچبەر لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا.
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئینستیتیوتی کوردی لە رۆما دەڵێت، ژمارەیەک یاسا لە ئیتاڵیا دەرکراون کە تاڕادەیەک کۆچی نایاسایی کەم دەکاتەوە، دەشڵێت: ''ئەوانەی بە نایاسایی دەگەنە وڵاتەکە، بەشێکی زۆریان دەبرێنە ئەلبانیا و لەوێش 18 مانگ زیندانی دەکرێن.''
 
ئەمڕۆ هەینی، 21-06-2024، سۆران یاسین، سەرۆکی ئینستیتیوتی کوردی لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە رێبوار عەلی پێشکێشیکرد، لەبارەی رووداوی تێکشکانی بەلەمەکە لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا رایگەیاند: ''حکومەتی ئەم وڵاتە، لە رووداوەکە دڵگرانە و دەیەوێت بە گشتی دژی قاچاخچییەکان بوەستێتەوە و ژمارەیەک یاسای تووندی دەرکردووە و سزاکان زیاتر بوونە''.
 
سۆران یاسین ئاماژەی بەوەدا ژمارەیەک بەلەمی هێزی دەریایی ئیتاڵیا و چەند هەلیکۆپتەرێک بە دوای بێسەروشوێنبوواندا دەگەڕێن، "بەڵام دۆزینەوەیان ئاسان نییە.''
 
17ـی حوزەیران، بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا تێکشکا، بەلەمەکە 76 کۆچبەری تێدابوو و زۆربەیان کورد بوون، بەڵام تەنیا 12یان رزگارکران و ئەوانی دیکە بێسەروشوێن بوون، بە گوتەی هێزی دەریایی ئیتاڵیا، تائێستا 20 تەرم دۆزراونەتەوە و 46ـەکەی دیکە بێسەروشوێنن.
 
سەرۆکی ئینستیتیوتی کوردی گوتی: ''بە گشتی ئیتاڵیا وەکو وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا، پێویستی بە هێزی کار هەیە، بەڵام حەز ناکات کۆچبەران لە رێگەی قاچاخەوە بێن، هەروەها کەسانی شارەزا وەردەگرێت.''
 
ئێستا راستڕۆکان دەسەڵاتی ئیتاڵیایان بەدەستەوەیە، بەگوتەی سۆران یاسین، ئەم ساڵ رێگە بە هاتنی 170 هەزار کۆچبەر دراوە و بە شێوەی فەرمی گەیشتوونەتە وڵاتەکە، ''بەڵام ژمارەیەک یاسا دەرکراون کە تاڕادەیەک کۆچی نایاسایی کەم دەکاتەوە.''
 
سۆران یاسین گوتی: ''بەپێی یاسا نوێیەکان، ئەوانەی بە شێوەی نایاسایی دەگەنە ئیتاڵیا، بەشێکی زۆریان دەبرێنە ئەلبانیا و لەوێ تاوەکو 18 مانگ زیندانی دەکرێن، تەنانەت دەتوانن جارێکی دیکە بیاننێرنەوە وڵاتی خۆیان.''
 
وەک سەرۆکی ئینستیتیوتی کوردی لە رۆما دەڵێت، زۆربەی ئەو انەی کە کۆچ دەکەن، پێویستیی راستەقینەی ''برسییەتی و ترسی ژیان''ـیان لەسەر نییە، بەڵکو بەبێ بەرنامە کۆچ دەکەن، دەشڵێت: ''ئەگەر هاتنە دەرەوە تەنیا لەپێناو وەرگرتنی وڵاتینامە بێت، بەڕاستی شتێکی بێ مانایە".
 
ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی نایاسایی لە رێگەی گەیشتن بە وڵاتانی ئەورووپا، بەتایبەتی لە نزیک کەناراوەکانی ئیتاڵیا گیان لەدەستدەدەن. سۆران یاسین پێیوایە، ''سەرجەم حکومەتەکان هەر چەند هەوڵ بدەن و رێگە بە هاتنی [نایاسایی] خەڵک نەدرێت، ئەستەمە کێشەکە بە تەواوی چارەسەر بکرێت، چونکە بۆ نموونە وڵاتێکی وەکو ئیتاڵیا، رووبەرێکی زۆری کەناراوی هەیە.''
 
زۆربەی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکان و گیانلەدەستدانی کۆچبەران دەکەوێتە نێو ئاوە نێودەوڵەتییەکانەوە لە نێوان ماڵتا و ئیتاڵیا، سەرۆکی ئینستیتیوتی کوردی لە رۆما دەڵێت: ''زیاتر حکومەتی ئیتاڵیا بەشدارە بۆ کۆنترۆڵی دۆخەکە و هاوکاریکردنی کۆچبەران، بەڵام پێدەچێت بەلەمەکە دوور بووبێت، بۆیە فریاگوزاری دوا کەوتووە، بەگشتی ئیتاڵیا لەو رووەوە زۆر ئینسانییە''.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە