رووداو دیجیتاڵ
لە واشنتن پەرتووکێک لەبارەی رۆژئاڤای کوردستان بڵاوکرایەوە؛ چاوەڕوان دەکرێت بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکا بۆ ناوچەکە هەبێت و، بەلایەنی کەمەوە وەک سەرچاوەیەکی زانیاری لەبەردەستیاندا بێت.
گفتوگۆیەکی تایبەت بە پەرتووکەکە لە سەنتەری وۆڵسن لە واشنتن کرا. ئەم پەرتووکە بەناونیشانی ''وڵاتۆچکەی رزگاربوو، دروستبوونی هەرێمێکی نیمچە ئۆتۆنۆمی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا'' لەلایەن د. ئەیمی ئۆوستن، لێکۆلینڤان و مامۆستای زانکۆی جۆرج تاون نووسراوە.
نووسەری کتێبەکە بە رووداوی گوت "لە ساڵی 2015، دەستمکرد بە لێکۆڵینەوە بۆ ئەم پەرتووکە، نزیکەی 10 ساڵ بەر لە ئێستا، کاتێک بۆ یەکەمجار سەردانی رۆژئاڤا، باکووری رۆژهەڵاتی سووریام کرد، لەوێ دەستم بە راپرسییەک لەسەر یەپەگە و یەپەژە کرد، ئەمەش پێش ئەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دروست بکرێت لە پاییزی 2015ـدا."
لە ساڵی 2015ـەوە تاوەکو ساڵی رابردوو، د. ئەیمی چەندین جاری دیکە چووەتە سووریا بۆ راپرسی لەنێو هەسەدە، هەڤپەیڤین لەگەڵ سەرکردەکانی هەسەدە و بەڕێوەبەرانی مەدەنیی ئیدارەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا "خۆشبەختانە ئەمساڵ، چەند مانگێک بەر لە ئێستا پەرتووکەکەم بڵاوبووەوە، ئەمەش بەرهەمی کارکردنی چەند ساڵ بوو.''
پەرتووکەکە نزیکەی 250 لاپەڕە دەبێت و لە بەشێکیدا باس لە مێژووی رۆژئاڤای کوردستان، هەر لە دوای رووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی تاوەکو ئێستا دەکات، لە بەشەکەی دیکەدا باس لە قۆناخی دروستبوونی رێڤەبەریی خۆسەر و رۆڵی ژن و خواستی خەڵکی ناوچەکە بۆ داهاتووی ئەو هەرێمە دەکات، ئەمەش بە پشتبەستن بە راپرسیی مەیدانی و چەندین هەڤپەیڤین و گەڕان بەنێو بەڵگەنامەکاندا.
لە دیدی نوێنەرانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە واشنتن، هەبوونی پەرتووکێکی لەم شێوەیە کە باس لە خواست و روانینەکانی خەڵکی هەرێمەکە دەکات لە واشنتن، گرنگە و وێنەیەکی تەواو بە خوێنەرەکان دەدات.
بەسام ئیسحاق، ئەندامی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات بە رووداوی گوت ''زۆر گرنگە بۆ ئێمەی خەڵکی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، چونکە پەرتووکەکە رەنگدانەوەی دۆخی راستەقینەی ناوچەکەیە بەشێوەیەکی بێلایەنانە. پەرتووکێکە، ئەکادیمیانە نووسراوە، کە مەبەستی گەیاندنی راستییەکانە. وێنەی راستەقینەی دۆخەکەی کێشاوەتەوە، هاوکات باسی لە رەگ و ریشەی ناوچەکەش کردووە، کە ئەمەش زۆر گرنگە و پێشتر کەس لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی لەسەر نەکردووە تاوەکو بزانن بۆچی خەڵکی ناوچەکە ئەم جۆرە سیستمەیان بۆ بەڕێوەبردن هەڵبژاردووە و قوربانیان لەپێناوی داوە.''
بەگوتەی بەشێک لە بەشداربووانی ئەم گفتوگۆیە، هەبوونی پەرتووکێکی لەم شێوەیە بە زمانی ئینگلیزی و بڵاوبوونەوەی لە واشنتن، رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە گەیاندنی زانیارییەکان لەبارەی دۆخی رۆژئاڤای کوردستان و خواستی خەڵکی ناوچەکە بۆ داهاتووی ئیدارەکەیان، ئەمەش بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەتوانێت کاریگەری لەسەر داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکا بۆ ناوچەکە هەبێت و، بەلایەنی کەمەوە وەک سەرچاوەیەکی زانیاری لەبەردەستیاندا بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ