ئەمریکا کۆچبەرە نایاساییەکانی ڤەنزوێلا لە زیندانی گوانتانامۆ دەنێرێتەوە وڵاتەکەی

21-02-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی ئەمریکا و ڤەنزوێلا پشتراستیدەکەنەوە کە واشنتن 177 کۆچبەری ڤەنزوێلی کە لە گوانتانامۆ جێگیری کردبوون، رەوانەی وڵاتەکەی خۆیانی کردوونەتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 21ـی شوباتی 2025، دیۆسدادۆ کابێلۆ، وەزیری ناوخۆی ڤەنزوێلا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، 177 کۆچبەر کە ئەمریکا دیپۆرتی کردوونەتەوە، گەیشتوونەتەوە نێو خاکی ڤەنزوێلا. 
 
وەزیری ناوخۆی ڤەنزوێلا دەشڵێت: "هەموو ئەوانەی کە دیپۆرتکراونەتەوە پیاون و پێشتر لە گوانتانامۆ جێگیر کرابوون."
 
نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لەبارەی وەرگرتنەوەی کۆچبەرەکانەوە گوتی، وەرگرتنەوەی ئەو کۆچبەرانە لەسەر "داواکاری راستەوخۆ"ـی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بووە. 
 
فەرمانگەی کۆچ و گومرگی ئەمریکاش پشتڕاستیکردەوە کە هەر 177 کۆچبەرەکەیان لە گوانتانامۆوە گواستوەتەوە هندۆراس و لەوێشەوە رەوانەی ڤەنزوێلا کراون. 
 
پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا بە چەندین قۆناخی ئاڵۆزدا تێپەڕیوە. لە ساڵی 2019 ڤەنزوێلا پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا پچڕاند، ئەوەش دوای ئەوەی واشنتن، خوان گوایدۆ، سەرۆکی ئەوکاتی ئۆپۆزیسیۆنی بە سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا ناساند. 
 
لە تشرینی دووەمی 2023، حکومەتەکەی مادۆرۆ رێگەیدا ئەمریکا بە فڕۆکەی خۆی کۆچبەرە نایاساییە ڤەنزوێلییەکان رەوانەی ئەو وڵاتە بکاتەوە، بەڵام دواتر رایگەیاند، مۆڵەت بە فڕۆکە ئەمریکییەکان نادەن بچنە نێو وڵاتەکەی.
 
جگە لە ڤەنزوێلا، ئەمریکا بڕیاریداوە کۆچبەرە نایاساییەکانی رەوانەی هەریەکە لە پەنەما، گواتیمالا و کۆستاریکا بکاتەوە. 
 
هەفتەی رابردوو، پەنەما نزیکەی 119 کۆچبەری نایاسایی لە ئەمریکا وەرگرتەوە. 
 
ترەمپ لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی دا کۆچبەرانی نایاسایی دیپۆرت بکاتەوە، لەگەڵ دەستبەکاربوونیشی ژمارەیەک فەرمانی سەرۆکایەتیی دژی کۆچبەران دەرکرد. 
 
ترەمپ هەزار و 500 سەربازی بۆ سنووری مەکسیک زیاد کردووە، بۆ ئەوەی بتوانن رێگە لە گەیشتنی کۆچبەران بە وڵاتەکەیان بگرن. بە ناردنی ئەو هێزە، ژمارەی سەربازە ئەمریکییەکان لەسەر سنووری مەکسیک دەبێتە چوار هەزار سەرباز.
 
بەگوێرەی دەزگای پاراستن و چاودێریکردنی سنوورەکانی ئەمریکا، لە 11 مانگی سەرەتای ساڵی 2024، ملیۆنێک و 550 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە، لەکاتێکدا هەمان ماوەی پێرار، دوو ملیۆن و 240 هەزار کۆچبەر چووبوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە