جیهان

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و یان لیپاڤسکی، وەزیری دەرەوەی کۆماری چیک. وێنە: سەرۆکایەتیی حکومەت.
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆککۆماری ئازەربایجان، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا، سەرۆکوەزیرانی قەتەر، وەزیری دەرەوەی کۆماری چیک، وەزیری وەبەرهێنانی سعودیە، وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات، شاندێکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن و شاندێکی بەحرێن کۆبووەوە.
مەسرور بارزانی بانگهێشتی ئازەربایجان کرا
کۆبوونەوەیەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان بوو.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: "لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک عەلیێڤ خۆشحاڵی خۆی بە دیدارەکە نیشان دا و ئاماژەی بە پەیوەندیی دێرینی نێوان ئازەربایجان و گەلی کورد کرد".
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئازەربایجان، سەرۆکی حکومەتی [هەرێمی کوردستان]ـی بانگهێشتی ئازەربایجان کرد و راشیگەیاند کە لە بەرنامەیدایە سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات؛ ئامادەییشی بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتی ئاسمانی نێوان باکۆ و هەولێر دەربڕی."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەکە نووسی: "جەختمان لە گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا کردەوە".
پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری نێوان هەرێمی کوردستان و بەلجیکا
هەر لە داڤۆس، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەلێکساندەر دیکروو، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا ئاماژەى بە گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستان کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەلجیکا دەربڕی.

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی دوولایەنە، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری".
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا گرنگیی پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی سووریا باسیان لێوەکرا.
تاوتوێکردنی دۆخی عێراق و سووریا
هەر لە داڤۆس، مەسرور بارزانی لەگەڵ شێخ محەممەد بن عەبدلڕەحمان ئەلسانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر کۆبوویەوە.

مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەکە نووسی: "بیروڕامان لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتیی عێراق ئاڵوگۆڕ کرد".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە دۆخی سووریا کردووە و گوتی: "هاوڕابووین لەسەر پاراستنی ئاسایش، ئارامی و مافی تەواوی پێکهاتەکانی وڵاتەکە."
پەرەدان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری چیک
کۆبوونەوەیەکی دیکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یان لیپاڤسکی، وەزیری دەرەوەی کۆماری چیک بوو.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی و یان لیپاڤسکی، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری چیک لە بوارە جۆراوجۆرەکان، بە تایبەتی لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری تاوتوێ کرا.

بە گوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی عێراق و هەرێمی کوردستان کرایەوە و بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی سووریا ئاڵوگۆڕ کرا.
کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری وەبەرهێنانی سعودیە
لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا مەسرور بارزانی لەگەڵ خالید ئەلفالح، وەزیری وەبەرهێنانی سعودیە هەندێک پرسی تاوتوێ کرد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەزیری وەبەرهێنانی سعودیە سڵاو و رێزی شا سەلمان و شازادەی جێنشین محەممەد بن سەلمانی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە دەربڕی.
کۆبوونەوە لەگەڵ شاندەکانی ئیمارات، بەحرێن و یەمەن
هەر لە داڤۆس، مەسرور بارزانی بە جیا لەگەڵ محەممەد قرقاوی، وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات؛ شاندێکی شانشینی بەحرێن بە سەرۆکایەتیی شازادە شێخ عیسا بن سەلمان ئال خەلیفە؛ عەیدەرۆس زوبەیدی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئینتیقاليی باشووری یەمەن کۆبوویەوە و باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و دەرفەتی هاریکاری لە بوارەکانی بازرگانیدا کرد.
کۆڕبەندی داڤۆس ئەم ساڵ بە درووشمی 'پێکەوەکارکردن لە سەردەمی ژیریدا' رۆژی دووشەممە 20-1-2025، دەستیپێکرد و چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.
دەیان سەرکردە لە کۆڕبەندەکە دا بەشدار دەبن، لەنێویاندا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کە بە شێوەی لایڤ گفتوگۆ لەگەڵ ئامادەبووانی کۆنفرانسەکە دەکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەشداریکردنی مەسرور بارزانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدایە بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسی و پێشخستنی پرۆسەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ