رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ سوێندی یاسایی خوارد و وەکو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەستبەکاربوو؛ لە یەکەم گوتاریشیدا ئاماژەی بەوە کرد، یارمەتیی ترەمپ دەدات تاوەکو بتوانێت بەڵێنەکانی بباتە سەر.
رۆژی سێشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2025 مارکۆ روبیۆ لەبەردەم جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا سوێندی یاسایی خوارد و لە ئەرکەکەی لە وەزارەتی دەرەوە وەکو وەزیر دەستبەکار بوو.
دوای سوێندخواردنی رۆبیۆ گوتی، "سەرۆک ترەمپ ئەوەی روون کردووەتەوە کە هەر شتێک ئێمە دەیکەین، بەتایبەت لە وەزارەتی دەرەوە، دەبێت وەڵامی یەکێک لەم سێ پرسیارە بداتەوە. ئایا بەهێزترمان دەکات؟ ئایا سەلامەتترمان دەکات؟ ئایا خۆشگوزەرانترمان دەکات؟ ئەگەر ئەو شتەی دەیکەین وەڵامی ئەو سێ پرسیارەمان بە بەڵێ نەداتەوە، ئەوا نایکەین."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "بەرەو سەردەمێکی نوێ دەڕۆین کە پێموایە جیهان دەبێتە شوێنێکی سەلامەتتر. سەرۆکێکمان هەیە دوێنێ لە گوتاری دەستبەکاربوونیدا روونی کردووە کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بریتییە لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی."
رۆژی دووشەممە 20-01-2025 ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا مارکۆ روبیۆی وەکو وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە پەسند کرد. مارکۆ رۆبیۆ بە 99 دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر سفر دەنگی نەخێر بە وەزیری دەرەوە دیاریکرا.
وەزیری ئێستای دەرەوەی ئەمریکا بەوە ناسراوە کە هەڵوێستی تووندی بەرامبەر چین، ئێران، ڤەنزوێلا و کوبا هەیە.
مارکۆ روبیۆ کێیە؟
مارکۆ روبیۆی تەمەن 53 ساڵ لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا لەدایکبووە؛ دایک و باوکی خەڵکی کوبان.
روبیۆ ساڵانی 2006 بۆ 2008 سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ویلایەتی فلۆریدا بوو؛ لە ساڵی 2011ەوە ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانە؛ ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە و چوار منداڵی هەیە.
روبیۆ و پرسی کورد
روبیۆ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ لە 2017 - 2021 دژایەتیی خۆی بۆ هەندێک لە بڕیارەکانی ترەمپ دەربڕی، بەشێک لەوانە پەیوەندییان بە کوردەوە هەبوو.
کانوونی یەکەمی 2018 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا کشانەوەی سەربازانی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند.
ئەو کات 6 سیناتۆری دیاری ئەنجوومەنی پیران، لەنێویاندا لیندزی گراهام، مارکۆ روبیۆ، جین شاهین و کریس مۆرفی لە نامەیەکدا بۆ دۆناڵد ترەمپ بڕیارەکەیان بە مەترسیدار ناوبرد.
مارکۆ روبیۆ بۆ ترەمپی نووسیبوو، "ئەم بەیانییە ئیدارەی ئەمریکا خواستی خۆی بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی، نەوەک تەنیا بەشێکی زۆر، بەڵکو کشانەوەی هەموو هێزەکانی ئەمریکای لە سووریا راگەیاند."
روبیۆ گوتیشی، "دەمەوێت بەڕوونی ئەوە بڵێم کە ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە و ئەنجامی زۆر خراپی بۆ ئەمریکا، بەرژەوەندییەکانمان، هاوپەیمانەکانیشمان لە مانگ و ساڵەکانی داهاتوودا دەبێت."
تشرینی یەکەمی 2019 سوپای ئەمریکا لە نزیک سنووری تورکیا کشایەوە و سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو کاتی سووریا هێرشیان کردە سەر شارەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی لە رۆژئاوای کوردستان. ئەوەش نیگەرانی و تووڕەیی گەلی کوردی بەدودادا هات.
ئەوکات رۆبیۆ باسی لەوەش کرد، "لە تووڕەیی کورد تێدەگەم کە رووبەڕووی هەڕەشە و هێرشی هێزەکانی توورکیا بوونەتەوە، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا شیاوی ئەوە نین هێرشیان بکرێتەسەر، بەڵکو شیاوی سوپاس و پێزانینن. ئەوان بڕیاری جێهێشتنیان نەداوە، بەڵکو فەرمانیان پێکراوە."
سەرەتای ساڵی 2020یش دوای دەنگدانی پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، روبیۆ لە تویتەر نووسی: "لەوانەیە ئێستا کاتی سەربەخۆیی تەواویی کوردستان لە باکووری عێراق بێت."
تشرینی یەکەمی 2021، کریس ڤان هۆلێن ئەندامی ئەنجوومەنی پیران-دیموکرات لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، سیناتۆری کۆمارییەکان پڕۆژەیاسایەیان پێشکێشی کۆنگرێسی وڵاتەکەیان کرد و باسی نەهامەتیەکانی گەلی کوردیان لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس کرد.
بەشێکی نامەکە پەیوەندی بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکاوە هەبووە.
"پاراستنی کورد لە سووریا لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکادایە"
15ی کانوونی دووەمی 2025، مارکۆ رۆبیۆ لە ئەنجوومەنی پیران لەلایەن لیژنەیەکی ئەو ئەنجوومەنەوە پێش بوونی بە وەزیر، گفتوگۆی لەگەڵ کرا و ژمارەیەک پرسیاری ئاراستە کرا.
کریس ڤان هۆلن، ئەندامی ئەنجوومەنی پیران لە پارتی دیموکراتەکان سەبارەت بە بەردەوامی پشتیوانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە شەڕی دژی داعش، پرسیاری لە رۆبیۆ کرد و ئەویش گوتی : "بەڵێ، بەردەوام دەبین. کورد قوربانی زۆری داوە و لە تێکشکاندنی داعشدا کاریگەر بوون؛ چەکدارانی داعشیان زیندانی کردوون؛ مەترسیی گەورەیان لەسەرە."
ئەمریکا نزیکەی دوو هەزار سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە و پاڵپشتیکارێکی سەرەکی هێزەکانی سووریای دیموکراتە.
روبیۆ ئاماژەی بەوە کرد، "پێویستە ئاگربەستی نێوان تورکیا و هێزە کوردییەکان" بپارێزرێت و گوتی: "دەبێت رێگە لەوە بگیرێت تورکیا ماوەی گواستنەوەی دەسەڵات لە ئەمریکا بقۆزێتەوە و رێککەوتنەکانی پێشوو پێشێل بکات."
سەبارەت بە چارەنووسی سزاکانی سەر سووریا، روبیۆ جەختی لەوە کردووە کە دەبێت هەڵبگیرێن، چونکە ئەو حکومەتەی سزاکانی بۆ دانراوە ئێستا لە دەسەڵات نییە؛ هەروەها گوتی: "دەرفەتێکی گرنگ هەیە بۆ سەقامگیرکردنی سووریا، چونکە رووسیا و ئێران لەوێ نەماون. ئەگەر ئەم دەرفەتە لەدەست بدەین، لەوانەیە جارێکی دیکە دەستمان نەکەوێتەوە."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە ئەو کاتە تەنیا بەربژێر بوو، هۆشداریدا لەوەی دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا "رابردوویەکی باش"یان نییە و گوتی: "ئەو کەسە نوێیانەی بەرپرسیارێتییان لە سووریا وەرگرتووە، ناتوانن لە لێکۆڵینەوەکانی ئێف بی ئای دەربازیان بێت و رابردوویان ئەوە نییە کە دڵخۆش و ئاسوودەمان بکات."
رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی پار، گرووپە چەکدارەکانی سووریا سەرکەوتن لە رووخاندنی دەسەڵاتی ئەسەد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ