رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی هەنگاریا دەڵێت، "بە تووندترین شێوە" دژی یاسای نوێی کۆچبەرانی ئەوروپا دەوەستنەوە.
رۆژی چوارشەممە 20ـی کانوونی یەکەمی 2023، پیتەر سیاتۆ، وەزیری دەرەوەی هەنگاریا دوای پەسندکردنی یاسای نوێی پەنابەران لە یەکێتی ئەوروپا، لە بوداپێستی پایتەختی وڵاتەکەی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئێمە بە تووندترین شێوە ئەو یاسایە نوێیەی پەنابەران رەت دەکەینەوە".
وەزیری دەرەوەی هەنگاریا گوتیشی، "رێگە بە هیچ کەسێک [کۆچبەرێک] نادەین پێچەوانەی ویستی ئێمە بێتە نێو وڵاتەکەمان؛ هیچ کەسێک لە برۆکسل و لە هیچ شوێنێکی دیکە ناتوانێت بە ئێمە بڵێت کە رێگە بە کێ بدەین بێتە نێو وڵاتەکەمانەوە؛ بە تووندترین شێوە ئەوەش رەت دەکەینەوە کە لەسەر ئەو هەڵوێستە سزا بدرێین".
رۆژی چوارشەممە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر ئەوە رێککەوتن کە گۆڕانکاری لە سیستمی پەنابەرانی یەکێتییەکەدا بکەن.
رێککەوتنەکە خۆشحاڵی ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا و یۆنانی لێکەوتەوە و بە "گرنگ"یان ناوبرد.
یەکێتی ئەوروپا ئەوەی راگەیاندووە کە ئامانجی رێککەوتنەکە ئەوەیە، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی بە رێگەی نایاسایی خۆیان دەگەیێننە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا کەمبکرێتەوە.
لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، "ئەو کۆچبەرانەی کە دەگەنە یەکێتی ئەوروپا دەبێت بە کاتێکی زووتر لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت؛ دەبێت چەند ناوەندێکی راگرتنی کۆچبەران لەسەر سنوورەکان دروستبکرێن؛ پێویستە دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە داواکەیان بۆ مافی مانەوە رەتکراوەتەوە، خێرا بکرێت".
بەگوێرەی ئاژانسی پاراستنی سنوورە دەرەکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا – فرۆنتێکس لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو کۆتایی تشرینی دووەم، 355 هەزار کۆچبەری نایاسایی چوونەتە نێو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و رێژەکە بەراورد بە ساڵی رابردوو 17% زیادیکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ