نەتەوە یەکگرتووەکان: مەترسیدارترین شوێن بۆ منداڵان غەززەیە

20-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، غەززە مەترسیدارترین شوێنی جیهانە بۆ منداڵان و ئاماژە بەوەش دەکات، هەزاران منداڵ لە کەرتی غەززە بەدەست تووشبوون بە نەخۆشی و کەمیی ئاو، خۆراک و دەرمانەوە دەناڵێنن. 
 
جەیمس ئێلدەر، گوتەبێژی ئاژانسی هاریکاریی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) لە جنێڤـی پایتەختی سویسرا بە رۆژنامەڤانانی گوت، "من لەوە تووڕەم کە ئەو لایەنانەی دەسەڵاتییان هەیە خۆیان لەو کارەساتە مرۆییەی غەززە کە بەسەر ملیۆنان منداڵدا هاتووە، بێدەنگ دەکەن".
 
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی تەندروستی غەززە، زیاتر لە 19 هەزار و 500 کەس لە غەززە کوژراون کە 70٪یان ژن و منداڵن. 
 
جەیمس ئاماژەی بەوە کرد، "مەترسی لەسەر ژیانی هەموو منداڵانی غەززە هەیە. نەخۆشخانەی ناسر لە شاری خان یونس لە رۆژی 18 و 19ـی مانگ دوو جار هێرشی کراوەتە سەر و بەوهۆیەوەش ژمارەیەکی زۆر منداڵ لە نەخۆشخانەکە بریندار بوون".
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، دۆخی مرۆیی غەززە لە ئاستێکی مەترسیدارە و ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی غەززە بێ ئاو، بی خۆراک و بێ پێداویستییە پزیشکییەکانن. 
 
رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات، لە 36 نەخۆشخانەی غەززە تەنیا هەشت نەخۆشخانەیان کار دەکەن. 
 
زیاتر لە 50 هەزار ژنی دووگیان لە غەززە دەستیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییە پێویستەکان ناگات و نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دەستبەجێ گەیاندنی هاوکاری پێویستیان بۆ دەکات.
 
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگی کاروباری مرۆیی ناسراو بە ئۆچا (OCHA) لە نوێترین راپۆرتیدا لەبارەی ژمارەی ئاوارەکانی کەرتی غەززە دەڵێت، "1.9 ملیۆن کەس ئاوارەبوون و ئەوەش دەکاتە 90٪ـی دانیشتووانی ئەو ناوچەیەی فەلەستین".
 
نزیکەی 1.1 ملیۆن ئاوارە لە 156 شێڵتەری ژێر چاودێریی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەمێننەوە و زۆربەیان کە ٪86ـە لە باشووری کەرتەکەن؛ 191 هەزار کەس لەو ژمارەیە لە 124 قوتابخانە و نەخۆشخانە دەمێننەوە.
 
زیاتر لە دوو مانگە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵایین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.
 
بەگوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە، زیاتر 19 هەزار 500 فەلەستینی کوژراون و لە ئیسرائیلیش هەزار و 200 کەس کوژراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە