بایدن: رێککەوتن بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی غەززە نزیکە

20-11-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکانی غەززە نزیکە، ئەوە لەکاتێکدایە چەند راپۆرتێک ئاماژە بەوە دەکەن، قەتەرییەکان داوایان کردووە، حەماس 50 بارمتەی ئیسرائیل ئازاد بکات و لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل سێ رۆژ ئاگربەست رابگەیێنێت.
 
رۆژی دووشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2023، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی رۆژنامەڤانان لەبارەی ئازادکردنی بارمتەکانی دەستی حەماس گوتی، "بەڵێ، پێموایە لە رێککەوتنی ئازادکردنی دیلەکان نزیک بووینەتەوە".
 
هاوکات، جۆن فاینەر، جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاند، "رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی زیاتر لە 12 بارمتە لەوانەیە ئاگربەستێکی کاتیشی لەو شەڕ و پێکدادانە بەدواوەبێت تاوەکو رێگە بدرێت هاوکاری مرۆیی بەسەر خەڵکی کەرتی غەززە دابەشبکرێت".
 
رۆژی 15-11-2023، ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێکی قەتەری بڵاویکردەوە، "قەتەر بە هاوبەشی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا گفتوگۆی لەگەڵ حەماس و ئیسرائیل کردووە و پێشنیازی ئەوەی خستووەتە بەردەم بەرپرسانی حەماس بۆ ئەوەی 50 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد بکەن و لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل سێ رۆژ ئاگربەست رابگەیێنێت و چەند هاووڵاتییەکی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد بکرێن".
 
ئەو بەرپرسە قەتەرییە ئاشکرای کردووە، حەماس بە پێشنیازەکە رازی بووە، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل تائێستا وەڵامی پێشنیازەکەیان نەداوەتەوە و تاوتوێی دەکەن.
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، هێشتا 220 بارمتە و دیل لەلای چەکدارانی حەماسن. چوار لە بارمتەکان ئازادکراون. لەنێو بارمتەکان 138 هاووڵاتی بیانی.ی 25 وڵاتی تێدایە. لەو ژمارەیە 20ـیان منداڵن. لەنێو بارمتە بیانییەکان، 18ـیان تایلاندین، 15 ئەرجەنتینی، 13 ئەمریکی و 12 ئەڵمانی، حەوت فەرەنسی و شەش رووسی تێدایە.
 
شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە پێ دەنێتە رۆژی 45وە، بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە 30 هەزار کەس لە تەواوی کەرتی غەززە برینداربوون و ژمارەی ئەو کەسانەشی گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە زیاتر لە 13 هەزار کەس و لە ئیسرائیلیش هەزار و 200 کەس کوژراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا. وێنە: AFP

پووتین سێ رۆژ ئاگربەستی لە ئۆکراینا راگەیاند

سەرۆکی رووسیا، بەبۆنەی ساڵیادی رۆژی سەرکەوتنی لە جەنگی جیهانیی دووەم، سێ رۆژ ئاگربەست لەگەڵ ئۆکراینا رادەگەیەنێت و داواش لە ئۆکراینییەکان دەکات، پابەندی ئاگربەستەکە بن و ئەگەری پابەند نەبن، "بە تووندی وەڵامیان دەدرێتەوە."