جۆن کێری بۆ رووداو: پەلەنەکەین لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی کەشوهەوا، کارەسات بەرۆکی جیهان دەگرێت

20-09-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
جۆن کێری، راوێژکاری باڵای سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری کەشوهەوا لە نیویۆرک قسە بۆ رووداو دەکات
جۆن کێری، راوێژکاری باڵای سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری کەشوهەوا لە نیویۆرک قسە بۆ رووداو دەکات
نیشانەکردن جۆن کێری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جۆن کێری، راوێژکاری باڵای سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری کەشوهەوا بە رووداوی رایگەیاند جیهان خێرا نییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوادا، دەشڵێت پەلەنەکرێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی کەشوهەوا، کارەسات بەرۆکی جیهان دەگرێت.
 
رۆژی چوارشەممە 20ـی ئەیلوولی 2023 جۆن کێری، راوێژکاری باڵای سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری کەشوهەوا لە 78ـەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سینان توچدەمیر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیاند "جیهان خێرا نییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی کەشوهەوا و پێویستە پەلە بکەین بۆ ئەوەی ئەو شەڕە ببەینەوە".
 
کێری گوتی "ئێمە دەتوانین ئەو شەڕە ببەینەوە، بە کردنی ئەو شتانەی پێویستە بیانکەین بۆ ئەوەی سەربکەوین."

 

هاوکات، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گوتارێکیدا لە کاتی کردنەوەی لووتکەی کەشوهەوا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتی "قەیرانی کەشوهەوا دەرگای دۆزەخی کردووەتەوە و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر زەوی جهێشتووە." 
 
پسپۆڕانی بواری کەشوهەوا لە ناسا دەڵێن ساڵی 2023 گەرمترین ساڵ بووە لە مێژووی تۆمارکراوی پلەی گەرما و هۆشداریشیان دا لەوەی؛ ساڵی داهاتوو لە ئەمساڵ گەرمتر دەبێت. 
 
بەگوێرەی ناسا، لە ماوەی چوار دەیەی رابردوودا پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەردەوام بەرزبوونەتەوە، هۆشداریش لە گەرمبوونی زیاتری زەوی دەدەن. 
 
پسپۆڕانی ناسا باسیان لە چەندین دیاردەی سرووشتی کردووە کە ئاماژەن بۆ گەرمبوونی زەوی، وەکو زیادبوونی دیاردەی لافاو و زۆربوونی شەپۆلی گەرما، ئەو دیاردانەش زۆربەی وڵاتانی جیهانیان گرتووەتەوە. 
 
بەگوتەی شارەزایان؛ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، کاریگەریی لەسەر سەهۆڵبەندەکانی جەمسەری باکوور هەبووە، هۆشداریشیان داوە لەوەی؛ ئاگری دارستانەکان زۆرتر دەبن و رووبەری وشکەساڵیش فراوانتر دەبێت، بەمەش زیانێکی گەورە بە کەرتی کشتوکاڵ و سەوزایی دەکەوێت.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، پلەی گەرمای زەوی 1.2 پلەی سیلیزی لەچاو پلەی گەرمای پێش شۆڕشی پیشەسازی بەرزبووەتەوە و دەبێت رێگە نەدرێت ئەو بەرزبوونەوەیە لە 1.5 پلە زیاتر تێپەڕبکات.

دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ جۆن کێری: 

رووداو: پەیامی تۆ بۆ جیهان دەربارەی گۆڕانی کەشوهەوا لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان چییە؟ 
 
جۆن کێریی: پەیامەکە ئەوەیە؛ جیهان خێرا نییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو قەیرانەدا. ئێمە پێویستە پەلە بکەین و دەتوانین ئەو شەڕە ببەینەوە، هەروەها بە کردنی ئەو شتانەی پێویستە بیانکەین بۆ ئەوەی ئەو شەڕە ببەینەوە، تەندروستتر دەبین، جیهانێکی پاکتر و سەلامەتترمان دەبێت، بەبێ ئەو کێشانەی لەسەر وزە هەن؛ ئابوورییەکی نوێی توانای وزەی پاک هەیە کە دەبێتە گەورەترین بازاڕی جیهان، هەلی کاری زیاتر دروستدەبێت و گۆڕانکاری زیاتر لە ژیانی خەڵک بۆ باشتر دەستپێدەکات، بەڵام ئەگەر ئێمە ئەو شتانە نەکەین، کارەسات بەرۆکی جیهان دەگرێت، بۆیە پێویستە جەخت لە بەپەلەیی بکرێتەوە.

 

 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە