شاندێکی باڵای پێنتاگۆن سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

20-06-2023
دیار کوردە @diyarkurda
لۆگۆی پێنتاگۆن
لۆگۆی پێنتاگۆن
A+ A-
 
رووداو - واشنتن 

شاندێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە سەردانێک لە عێراقە و سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات. 
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن رۆژی سێشەممە، 20-6-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی دووشەممە، 19-6-2023، شاندێکی وەزارەتەکە بە سەرۆکایەتیی دەینا سترۆڵ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیشتووەتە بەغدا و ژمارەیەک کۆبوونەوەی دەبێت. 
 
ئەو سەرچاوەیە بە رووداوی گوت، بڕیارە شاندەکە سەردانی هەولێریش بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. 
 
ئەمریکا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و نزیکەی 2500 راوێژکاری سەربازیی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدان. 
 
ئەو راوێژکارییە سەربازییانە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش رۆڵ دەگێڕن و ئەرکیان راوێژدان، راهێنانکردن و پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراقە لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعشدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە