رووداو دیجیتاڵ
دوای بەشداریکردنی سەرۆکی ئۆکراینا لە لووتکەی G7، ئەمریکا بڕیاریدا فڕۆکەی ئێف16 بەو وڵاتە بدات. وەزیری دەرەوەی رووسیاش دەڵێت، وڵاتانی بەشداربووی لووتکەی G7 لە ژاپۆن ئامانجیان ئەوەیە "دژایەتی" خۆیان بۆ رووسیا و چین "دووهێندە" زیاد بکەن.
لووتکەی حەوت وڵاتە پیشەسازییە دیموکراسییەکە یاخود جی7، لە شاری هیرۆشیمای ژاپۆن بەڕێوەچوو. ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرایناش بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ وڵاتەکەی، تێیدا بەشدار بوو و توانی بەدەستهێنانی فڕۆکەی ئێف16ی ئەمریکی مسۆگەر بکات.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رۆژی شەممە، 20ـی ئایار لە مۆسکۆ ئاماژەی بەو بڕیارەی ئەمریکا نەکرد، بەڵام گوتی: "هەر وڵاتێکی دیکە داوای سەربەخۆیی بکات،" لە لایەن ئەو وڵاتانەی هاوپەیمانی ئەمریکاوە "دەچەوسێنرێنەوە و وەکو دژبەر سەیردەکرێن."
وەزیری دەرەوەی رووسیا رەخنەی زیاتر لە حەوت وڵاتە پیشەسازییە دیموکراسییەکە دەگرێت و دەڵێت: "سەیری ئەو بڕیارانە بکەن کە ئەمڕۆ لە لووتکەی جی حەوت لە هیرۆشیما تاوتوێدەکرێن و دەردەکرێن کە ئامانجیان دووهێندەکردنی دژایەتیکردنی رووسیا و چینە."
"بڕیاری مێژوویی"
رۆژی شەممە، 20ـی ئایاری 2023، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هێرۆشیمای ژاپۆن رایگەیاند، "رێکارە روونەکە ئەوەیە کە راهێنان بە ئۆکراینییەکان لەسەر بەکارهێنانی فڕۆکەی F-16 بکەین؛ دواتر لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان بڕیار لەسەر ناردنی فرۆکەکان بۆ ئۆکراینا بدەین."
سولیڤان گوتیشی، "لە چەند مانگی داهاتوودا لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان بڕیار دەدەین کە چەند فڕۆکەی F-16 بۆ ئۆکراینا بنێرین و بڕیار دەدەین کە لە چ کاتێکدا فڕۆکەکان بگەنە دەست ئۆکراینییەکان."
راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا ئەوەشی راگەیاند، ئەمریکا سزاکانی سەر کەرتی ئابووریی رووسیا فراوانتر دەکات و بۆ ئەوەش لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپی و بەریتانییەکان هاوئاهەنگی دەکات.
رۆژی هەینی، 19ـی ئایاری 2023، بەرپرسێکی کۆشکی سپی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکات بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، "سەرۆک بایدن بە سەرکردەکانی گرووپی G7ـی راگەیاندووە کە واشنتن و هاوپەیمانەکانی راهێنان بە ئۆکراینییەکان دەکەن لەسەر چۆنییەتی بەکارهێنانی فڕۆکەی F-16ـی ئەمریکی."
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە گوتیشی، لە ئەوروپا راهێنان بە هێزە ئۆکراینییەکان دەکەن و پێشبینی ئەوەی کردووە کە راهێنانەکە 18 مانگ بخایەنێت.
هاوکات ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی لە تویتێکدا بڕیارەکەی ئەمریکای بە مێژوویی ناوبرد و رایگەیاند، "دەستخۆشی لە بڕیارەکە دەکەم. ئەو بڕیارە بەشێوەیەکی کاریگەر هێزی ئاسمانیمان بەرەوپێشەوە دەبات."
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لەدوای گوتەکانی سولیڤان لە تویتێکدا نووسی: "پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمریکا دەکەم بۆ راهێنان بە فڕۆکەوانانی ئۆکراینی بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی F-16."
سووناک گوتیشی، "بەریتانیا لەگەڵ ئەمریکا، هۆڵەندا، بەلجیکا و دانیمارک هاوئاهەنگی دەکات بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی ئۆکراینا دابینبکەن تاوەکو وڵاتەکە ئەو توانا ئاسمانییە بەدەستبهێنێت کە پێویستییەتی."
رۆژی هەینی، 19-5-203، لە یەکەم رۆژی بەڕێوەچوونی لووتکەی کۆمەڵەی حەوت وڵاتە پیشەسازییە گەورەکە، کۆمەڵەکە راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو: "هاوکارییەکانمان بۆ ئۆکراینا ناوەستن. رووسیا شەڕەکەی دەستپێکردووە، هەر خۆیشی دەتوانێت کۆتایی پێبهێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ