ڤلادیمیر پووتین لەبارەی جەنگی ئۆکراینا: ئامادەی گفتوگۆین

19-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی رووسیا دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ ئۆکراینا، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا دەستپێبکات سەبارەت بە داهاتووی ئۆکراینا و ئاماژەی بەوەش کرد، مۆسکۆ لە گفتوگۆکاندا بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات. 
 
رۆژی سێشەممە، 19ـی کانوونی یەکەمی 2023، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ بەرپرسانی بەرگریی وڵاتەکەی رایگەیاند، "لە ئۆکراینا، ئەوانەی کە بەرامبەر رووسیا شەڕەنگێزن؛ هەروەها لە ئەمریکا و ئەوروپا- ئایا ئەوان دەیانەوێت دانوستاندن بکەن؟ با بیکەن، بەڵام ئێمە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتمانیی خۆمان گفتوگۆ دەکەین".
 
پووتین ئەوەیشی راگەیاند، رووسیا نەیویستووە لەگەڵ ئەوروپا شەڕ بکات و گوتیشی، "ئێمە دەستبەرداری ئەوە نابین کە خاوەندارییەکەی بۆ خۆمان دەگەڕێتەوە".
 
ئەوە دووەم جارە لەدوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی 2022ـەوە پووتین ئامادەیی رووسیا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەبارەی راگرتنی جەنگ لە ئۆکراینا دەرببڕێت. رۆژی 22-11-2023، پووتین گوتی، حکومەتی وڵاتەکەی ئامادەی گفتوگۆیە بۆ ئەوەی "ئەو تراژیدیایەی لە جەنگی ئۆکراینادا هەیە" بووەستێندرێت. گوتیشی، بەڵام بەرپرسانی ئۆکراینا ئامادەی گفتوگۆ نین.
 
لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا ڤۆلۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا یاسایەکی واژۆ کرد و بەگوێرەی ئەو یاسایە، هەموو گفتوگۆیەکی لەگەڵ حکومەتی رووسیا قەدەخە کرد.
 
رووسیا نزیکەی 17.5٪ـی ئەو خاکەی کە لە دوای رووخانی یەكێتیی سۆڤییەتی جاران وەک بەشێک لە خاکی ئۆکراینا ناسێندرابوو، کۆنترۆڵ کردووە.
 
رووسیا بەشێکی هەرێمەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک و زاپۆریژیای لەنێو ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردووە؛ لە ساڵی 2014یشەوە نیمچەدوورگەی کریمیای لە ئۆکراینا لکاندووە بەخۆیەوە.
 
لە حوزەیرانی ئەم ساڵ، سوپای ئۆکراینا بە یارمەتی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، هێرشی پێچەوانەی دژی سوپای رووسیا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی دەستپێکرد.
 
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 10 هەزار کەسی سڤیل لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە کوژراون. 
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئەمریکایشەوە بڵاوکراونەتەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە 70 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون و 130 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون؛ هەروەها لە سوپای رووسیاش 120 هەزار سەرباز کوژراون و 280 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

ویتکۆف سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ لەبارەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش روون دەکاتەوە

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چووە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەبارەی سیاسەتی ئەمریکا بۆ چەند پرسێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست قسەی بۆ کردن.