رووداو دیجیتاڵ
فۆتۆگرافەرێکی کورد وێنەی کەسوکاری ئەو کۆچبەرانە پیشان دەدات، کە رۆڵەکانیان تاوەکو ئێستا لە رێگەی کۆچدا بێسەروشوێن بوون و هیچ سۆراخێکیان نییە.
وێنەکان لەلایەن فۆتۆگرافەر شەماڵ حوسامەدین لە رۆژی 17-06-2024 لەژێر ناوی "ژووری چاوەڕوانی" لە پێشانگەیەکدا لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا نمایشکراون.
ئەو فۆتۆگرافەرە دانیشتووی قەزای حاجیاوای سنووری ئیدارەی راپەڕینە، بە رووداوی راگەیاند "بە شانازییەوە دەڵێم کە بە هاوکاری رێکخراوی هێلسنکی فاوەندیشن و کەی سی ئەی سی (Helsinki foundation و kcac ) پێشانگەیەکی فۆتۆگرافیم لە ژێر ناونیشانی ( ژووری چاوەڕوانی ) کردەوە، کە بووە جێگەی سەنجی زۆری ئەو کە لە پێشانگەکەدا ئامادە بوون."
فۆتۆکانی شەماڵ تایبەتن بەو خێزانانەی رۆڵەکانیان لە رێگەی کۆچدا بێسەروشوێن بوون و چارەنووسیان نادیارە.
شەماڵ دەشڵێت "لە پێشەنگەکەدا ئازار و مەینەتی چاوەڕوانی درێژی ئەو خێزانانەم بۆ بینەری پۆڵەندی و ئەوروپی گواستەوە، بۆ ئەوەی ببێتە خەمێکی جیهانی."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو فۆتۆگرافەرە ئاماژەی بەوەدا "لە پەراوێزی پێشەنگاکەدا چەندین تەوەر لەبارەی کۆچبەران قسەی لەسەر کرا و فلیمی سینەمایی پیشاندران. منیش وەکو قسەکەر و بەشداربوویەکی چالاک را و سەرنجەکانم خستە بەردەم بینەران کە چ بکرێت بۆ ئەم خەمە تراژیدییایەی بەسەر کەسوکاری ئەو کۆچبەرانەدا هاتووە."