رووداو دیجیتاڵ
هاووڵاتیانی سوودان بەهۆی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەیانەوە برسی بوون، لەنێویاندا دانیشتووی هەرێمی دارفوور. بەهۆی چڕبوونەوەی زیاتری شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتەشەوە، کە لە لایەک ژیانی خەڵکی خستووەتە مەترسییەوە و لە لایەکی دیکەش برسیی کردوون، خەڵکی ناچار کردووە کە بەرەو چاد و وڵاتانی دیکە هەڵبێن.
لە هەندێک شەقامیش تەرم دەبینرێت، کە ئەوەش کارەساتباریی دۆخی ئەو وڵاتە دەخاتەڕوو. یاسر حەماد، دانیشتووی دارفوور دەڵێت، "پەیامی خۆمان بە هەموو لایەنە بەرپرسیارەکان دەگەیێنین. ئەگەر سەر بە هێزی پشتیوانیی خێرا بن یان سوپا، تکایە ئەم بەڵایە لەسەرمان لاببەن. هەر بەڕاستی دۆخمان زۆر خراپە."
بناخەی هێزی پشتیوانیی خێرای محەممەد حەمدان لە دارفوورە و لەو هەرێمەدا باڵادەستە، هەربۆیە دوای دەستپێکی شەڕی ناوخۆ لە خەرتوومی پایتەخت هەر زوو ئاگری شەڕەکەی پێگەیشت.
تاوەکو ئێستا 959 هاووڵاتیی سڤیل لە دارفوور کوژراون، کە یەکسانە بە نزیکەی نیوەی ئەو 2000 کەسەی لە سوودان کوژراون. دوو ملیۆن کەس ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش سوودانیان جێهێشتووە.
خەڵک جگە لە داواکاریی وەستانی شەڕ، رێگەچارەیەکیان نییە. محەممەد عەبدولڕەحمان، دانیشتووی دارفوور ئاماژە بەوە دەکات، "داوا لە هەموو لایەنە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان دەکەم بە زووترین کات کار بۆ وەستاندنی ئەم شەڕە لە رۆژئاوای دارفوور بکەن. داواش دەکەین سەقامگیری بۆ جونەینە بگەڕێننەوە. رۆژانە مردن، برینداربوون و ئاوارەیی ژن و منداڵ دەبینین."
برسێتی یەکێکی دیکە لەو مەینەتیانەیە شەڕی نێوان سوپای سوودان و پشتیوانیی خێرا بەسەر خەڵکی سوودانیان هێناوە. پرۆگرامی خۆراکی جیهانی دەڵێت، 19 ملیۆن کەس لە 47 ملیۆن دانیشتووانی سوودان دووچاری برسێتیی زۆر سەخت بوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ