رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و کەنەدا بۆ بەشداریکردن لە 49یەمین لووتکەی ساڵانەی گرووپی حەوت گەیشتنە هێرۆشیمای ژاپۆن و رۆژی هەینی کۆبوونەوەکە دەستپێدەکات.
لە لووتکەکەدا، ئەندامەکان کە بەرژەوەندیی سیاسی، ئابووری، دیپلۆماسی و سەربازیی پێکیان دەبەستێتەوە بیرۆکەی نوێی بەهێزکردنی هاوپەیمانێتییەکە دەخەنەڕوو.
ئەمریکا کە زلهێزترین و دەوڵەمەندترین ئەندامی گرووپەکەیە، خواستی وایە گرژییەکانی لەگەڵ چین و رووسیا و ئەو مەترسییەی وەک خۆی دەڵێت هەردوو وڵات لەسەر ئاسایشی جیهان دایدەنێن، بخاتە سەر مێزی گفتوگۆی هاوپەیمانەکانی.
فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن کە ئەمساڵ وڵاتەکەی میوانداریی لووتکەکە دەکات دەڵێت، "هاوپەیمانیی ژاپۆن و ئەمریکا کۆڵەکەی ئاشتی و سەقامگیرییە لە ناوچەی ئیندۆ پاسفیک. هاوپەیمانیی ژاپۆن و ئەمریکا لە ئاسایشدا سنووردارنەکراوە، بەڵکو هاوپەیمانێتییەکە هەموو لایەنێک دەگرێتەوە. پێشوازی لە بەرەوپێشچوونی خێرای هاوئاهەنگی نێوان ژاپۆن و ئەمریکا دەکەم."
لووتکەی گرووپەکە لە هێرۆشیمای ژاپۆن پەیامی هەژموونی سەربازی و دیپلۆماسی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا لە ناوچەی ئیندۆ پاسفیک دەدات بە گوێی مۆسکۆ و پەکین و پیۆنگیانگ کە سێ زلهێزی ئەو ناوچەیەن.
هێرشی سەربازی مۆسکۆ بۆ سەر کیێڤ، فراوانبوونی رووبەری بازرگانی چین لەسەر نەخشەی جیهان و توانای ئەتۆمیی کۆریای باکوور سێ مژاری سەرەکیی لووتکەکەن.
هەرچەندە گرووپی حەوت بانگەشە بۆ ئەوە دەکات، ئاراستەی دیپلۆماسییان رووەو ئاشتی و سەقامگیرییە لە ناوچەی ئیندۆپاسفیک، لای بەشێک لە لێکۆڵینڤانان وا لێکنادرێتەوە.
کۆمیکۆ هابا، پرۆفێسۆر لە زانکۆی گاکوین لە ژاپۆن دەڵێت، "ئۆکراینا لەلایەن وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا و ئەمریکاوە چەندین چەکی بەدەست گەیشتووە. ئەگەر شەڕ بەردەوامبێت، خەڵکی زۆرتر دەمرن لە رووسیا و ئۆکراینا. بۆیە ئاراستەی گرووپی حەوت لەلای من جێگەی قبووڵکردن نییە."
هیدیتۆشی تاشیرۆش ئابووریناسێکی ژاپۆنییە و دەڵێت، "بۆ بابەتی سەقامگیریی ئابووریی جیهان یان رێگریکردن لە قەیرانی ئابووری ئەم لووتکەیە هیچ کارێک ناکات، چونکە ئەمە تەنیا نمایشێکی سیاسییە."
لە دوای شوباتی 2022، تەنیا سەقامگیریی ئۆکراینا و رۆژهەڵاتی ئەوروپا بەهۆی هێرشی رووسیاوە تێکنەچووە، بەڵکو ناوچەی ئیندۆپاسفیکیش لەو کاتەوە گرژی و بەربەرەکانێی زۆر تێیدا روویداوە.
پەکین لەو ماوەیەدا، دوو جار مانۆڕی سەربازی بە دەوری تایواندا کردووە و هەرچی پیۆنگیانگیشە زۆرترین مووشەکی دوورهاوێژی لە مێژووی خۆیدا تاقیکردووەتەوە؛ بۆیە رۆژئاوا دەیەوێت، بۆ پتەوکردنی پێگە و دروستکردنی هاوپەیمانی نوێ لەو ناوچەیە، هەرچی زووە بەخۆبکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ