کرێملن: پووتین و ترەمپ دەیانەوێت پەیوەندییەکان ئاسایی بکەنەوە

19-03-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا رایدەگەیێنێت، پووتین و ترەمپ متمانەیان بەیەکتری هەیە و دەیانەوێت پەیوەندی واشنتن و مۆسکۆ یاسایی بکەنەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا - کرێملن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "سەرۆک پووتین و ترەمپ زۆر متمانە بەیەکتری دەکەن و ئامانجیانە بەرە بەرە بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان هەنگاو بنێن."
 
گوتەبێژەکەی کرێملن ئۆکراینای بەوە تۆمەتبار کرد کە دەیەوێت هەوڵەکانی ئەمریکا و رووسیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان تێکبدات و گوتی، "هەوڵ هەبووە بۆ گورزوەشاندن لە ژێرخانی وزەمان، ئەم هێرشە دژی هەوڵە هاوبەشەکانمانە (نێوان رووسیا و ئەمریکا)."
 
رۆژی سێشەممە، 18ـی ئاداری 2025، ترەمپ و پووتین پەیوەندییەکی تەلەفۆنی 90 خولەکییان ئەنجامدا لەو بارەوە کۆشکی سپی دەڵێت: "هەردوو سەرۆک رێککەوتن لەسەر ئەوەی ئاشتی و ئاگربەست، بە ئاگربەست بۆ سەر وێستگە وزەیی و ژێرخانی ئابووری دەستپێبکات؛ هەروەها رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنی گفتوگۆی تەکنیکی بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستێکی دەریایی لە دەریای رەش، دواتر ئاگربەستی تەواو و ئاشتی هەمیشەیی. ئەم گفتوگۆیانە دەستبەجێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەست پێدەکەن."
 
کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کردووە: "هەردوو سەرۆک رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە پەیوەندییەکی دووقۆڵیی باشتر لەنێوان ئەمریکا و رووسیادا هەبێت و ئەوەش لایەنی ئەرێنی زۆر گەورەی دەبێت. کاتێکیش ئاشتی بەدەست دەهێندرێت، مامەڵەی ئابووریی زەبەلاح و سەقامگیریی جیۆپۆلەتیکی لەخۆدەگرێت."
 
دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە کیێڤی پایتەختەوە سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ و پووتین گوتی: "ئامانجی پووتین لاوازکردنی ئۆکراینایە." و لەبارەی مەرجەکانی سەرۆکی رووسیا بۆ راگرتنی ئەو جەنگە سێ ساڵییە، گوتی: "مەرجەکانی پووتین بۆ ئاگربەست ئەوە دەردەخەن کە رووسیا ئامادە نییە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ."
 
هەفتەی رابردوو، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ سەردانی مۆسکۆی کرد و پێشنیازێکی ئاگربەستێکی بۆ ماوەی 30 رۆژ خستە بەردەم بەرپرسانی رووسیا.  پووتین رایگەیاند، پلانەکەی پێ پەسندە، بەڵام دەیەوێت لەگەڵ ترەمپ گفتوگۆ لەبارەی هەندێک لە وردەکارییەکانی بکات. 
 
رۆژی شەممە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا هۆشداری دا لەوەی مۆسکۆ دەیەوێت "سەرەتا پێگەی خۆی لە گۆڕەپانی جەنگ بەهێز بکات" و دواتر لەسەر مێز دەست بە گفتوگۆ بکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن لەگەڵ ڤیکتۆریا تایلەر

جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: داوا لە هاوڕێ کوردەکانمان دەکەین زوو حکومەت پێکبێنن

جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، هانی بەرپرسانی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدەن، پەلە بکەن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.