رووداو دیجیتاڵ
هادی سەلیمی، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە چین باس لە کرانەوەی ئەو وڵاتە دەکات دوای سێ ساڵ لە قورسترین رۆژەکانی کۆرۆنا و داخستنی دەرگە و پەنجەرەی ماڵ و بازاڕ و وڵاتەکەش بە رووی خەڵکی خۆی و جیهانیشدا. ئێستا شار و گوند و بازاڕەکانی چین وەک جاران جمەیان دێت لە خەڵک.
نینگ چون پینگ تەمەنی 64 ساڵە، 15 ساڵە چێشتخانەی هەیە لە پەكین. دوای سێ ساڵ سستی بازاڕ بەهۆی كۆرۆناوە گەرموگوڕی كەوتووەتەوە چێشتخانەكەی. كەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیاران وایكردبوو كە كارەكەی لە سەردەمی كۆرۆنا بەرەو داڕمان بڕوات. لە سەرەتای ساڵی 2023 و بڕیاری كرانەوەی دەرگاكانی چین بە رووی جیهاندا پیشەكەی چون پینگیش گەشاوەتەوە.
نینگ چون پینگ، خاوەن چێشتخانەیەکە و دەڵێت: ئێستا كاتێكی باشە كە هەموو بازاڕەكان كراونەوەتەوە، سەردانیكارەكانمان زۆر زیاتر بوون. كارەكەمان رۆژانە بەرەو باشتربوون دەچێت. زۆر سەرقاڵین، لە كاتی كۆرۆنا حكومەت پشتگیریكردین، هیوادارم كە لە داهاتوودا دۆخی ئابووری بەرەو باشتریش بچێت. ئێمە حەز دەكەین خەڵک لە هەموو جیهانەوە سەردانی چین بكەن.
پەرستگەی لاما لە پەكین، شوێنێكی گرنگی گەشتیاری و ئایینییە بۆ خەڵكی چین. لە هەموو چینەوە خەڵک رووی تێدەكەن. كۆرۆنا سێ ساڵ بوو رێی سەردانیكردن و پاڕانەوەی لێگرتبوون. دوای سێ ساڵ لەگەڵ کرانەوەی گەشتە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانی چین كراوەتەوە، بەگوتەی بەڕێوەبەرانیی پەرستگەكە، لە دوو مانگدا زیاتر لە 200 هەزار كەس سەردانیان كردووە.
جانگ وێی، قوتابییەکە لە چین و دەڵێت: لە كاتی كۆرۆنا بۆ ماوەی سێ ساڵ نەماندەتوانی گەشت بكەین، لە دوای ساڵی نوێوە كە گەشتەكان دەستیپێكردووە بۆ ئێمە جێی خۆشحاڵییە. پەرستگەی لاما شوێنێكی زۆر گرنگە بۆ ئێمە و لەمێژە تامەزرۆبووم بێم و نزا بكەم. وەرزی گەشتكردنە و هیوادارم ئیتر كۆرۆنا نەبینینەوە.
پێنگ شوای، قوتابییەکی دیکەیە لە چین و گوتی: پەرستگەی لاما زۆر بەنێوبانگە و لە منداڵییەوە تامەزرۆبووم بێم ببیبینم، هەرێمی ئێمە دوورە و كاتی كۆرۆناش نەماندەتوانی بێین، ئیتر ئەم كرانەوەیە دەرفەتێكی گەورەیە بۆ ژیانەوە، هیوادارم ژیان بەرەو باشتربوونیش بچێت. ئەمە خۆشترین گەشتم بووە لەم ساڵانەی دواییدا.
چووی وییە، قوتابییەکە لە چین و گوتی: پەرستگەی لاما یەكێک لە باشترین شوێنەكانە كە من خەڵک دەبینم تێیدا ئاسوودە نزا دەكەن. من بەنیازم نزا بكەم و ئاواتی ئەوە بخوازم كە نەهامەتییەكانی وەک كۆرۆنا و هەموو دژوارییەكان لە هەموومان دووربكەونەوە، ئێمە ناخۆشی زۆرمان بینی و هیوادارم ئەو ساتانە دووبارە نەبنەوە.
لە ساڵی 2020 و لە جەرگەی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا گەشەی ئابووریی چین بۆ نزیكەی 1% دابەزی، ئەوەش لە 45 ساڵی رابردوو نموونەی نەبووە. كۆرۆنا رێژەی بەرهەمی نێوخۆیی چینی نزیكەی 1.5% دابەزاند و ئابوورییەکەی كەوتە مەترسییەوە.
لەگەڵ دەستپێكی هەفتەی رابردوو چین رایگەیاند، پێدانی هەموو جۆرە ڤیزەیەک دوای سێ ساڵ كراوەتەوە. رێژەی بەرهەمی نێوخۆیی چین ساڵانە لە پێنج ساڵی رابردوو لە نێوان 16 بۆ 17 تریلۆن دۆلار بووە كە حكومەتی چین پێشبینی دەكات بۆ ساڵی 2023 ئەو ژمارەی 21 ترلیۆن دۆلار تێپەڕێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ