رووداو دیجیتاڵ
کرواتیا درێژترین سنووری وشکانیی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپادا هەیە، بەوەش بووەتە دەروازەیەکی سەرەکی بۆ ئەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت بگەنە وڵاتانی یەکێتییەکە.
زۆربوونی ژمارەی کۆچبەران بەرپرسانی کرواتیای نیگەران کردووە، بۆیە ژمارەی خاڵەکانی پشکنینیان لەسەر سنوورەکان زیاد کردووە.
دین، هاووڵاتییەکی کرواتیە و دەڵێت، "هەموو رۆژێک ژمارەیەکی زۆری کۆچبەران دەبینین؛ کۆچبەرەکان بەنێو حەوشەکەماندا تێدەپەڕن، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی خراپ رووینەداوە، بەڵام ئێمە هەر ئاسوودە نین".
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی کرواتیا، لە 10 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، 100 هەزار کەس هەوڵیانداوە لە رێگەی کرواتیاوە خۆیان بگەیێنە وڵاتانی ئەوروپا و ژمارەکە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، 73%ـی زیادیکردووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی ئەنجوومەنی پەنابەرانی دانیمارک، لە ئەم ساڵدا حکومەتی کرواتیا 2559 کۆچبەری دیپۆرتی بۆسنیا کردووەتەوە.
داکۆکیکارانی پەنابەران دەڵێن، بەهۆی زیادکردنی خاڵەکانی پشکنین، پێشێلکاریی بەرامبەر بە کۆچبەران لە کرواتیا زیاتر بووە.
راز محەممەدی، کۆچبەر باس لەوە دەکات، "کاتێک کە پۆلیس ئێمەی دەستگیر کرد لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کردین و هەموو شتەکانمان وەکو پارە، مۆبایل و پێڵاوەکانیان بردین و سەگیان تێبەرداین و ناچاریان کردین بگەڕێیننەوە بۆسنە".
زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە کرواتیاوە دەیانەوێت بەرەو وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بڕۆن، خەڵکی وڵاتانی ئەفغانستان، مەغریب، پاکستان و سووریان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ