جیهان

بەپێی زانیارییەکان، حەوت تەرم دۆزراونەتەوە و ئەوانەی دیکەش بێسەروشوێنن. وێنەکە ئەرشیڤە: Reuters
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی کورد لە ئەورووپا بە رووداوی راگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران بە 25 سەرنشینەوە لە کەناراوەکانی قوبرس ژێرئاوکەوت. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا تەنیا دوو کەس رزگارکراون.
رۆژی 18ی ئاداری 2025، پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی کورد لە ئەورووپا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەیانیی ئەمڕۆ بەلەمێکی کۆچبەران بە 25 سەرنشینەوە لە ئاوەکانی قوبرس ژێرئاوکەوت". دەشڵێت، "بەلەمەکە لە پارێزگای تەرتووسی سووریاوە بەڕێکەوتبوو و تەواوی کۆچبەرەکان سوورین".
نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی کورد لە ئەورووپا ئاماژەی بە چارەنووسی کۆچبەرەکان کرد و گوتی: "تەنیا دوو کەس رزگارکراون، حەوت تەرم دۆزراونەتەوە و ئەوانەی دیکەش بێسەروشوێنن".
پێشڕەو عەبدوڵڵا گوتیشی، "لەنێو کۆچبەراندا شەش منداڵ هەن و هێزی پاسەوانی کەناراوەکانی قوبرس بەردەوامە لە گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبوواندا".
پێشڕەو عەبدوڵڵا دەڵێت، گرژییەکانی ئەم چەند رۆژەی رابردووی سووریا مەترسی لەلای بەرپرسانی قوبرس دروستکردووە، کە شەپۆلێکی کۆچبەرانی سووریا روو لە وڵاتەکەیان بکات.
رۆژانی 6 بۆ 8ی ئەم مانگە، شەڕ و پێکدادانی قورس لەنێوان هێزەکانی حکومەتی سووریا و چەند گرووپێکی چەکدار لە پارێزگاکانی تەرتووس و لازقیە روویدا؛ بەهۆی شەڕەکەوە زیاتر لە هەزار و 300 کەس کوژران.
بەگوێرەی بەرپرسانی قوبرس، نزیکەی 30 هەزار پەنابەر و پەناخوازی سووری لە وڵاتەکەیاندان. بەشێکی ئەو کۆچبەرە سووریانەی دەیانەوت بچنە وڵاتانی ئەورووپا بە ئاوەکانی سنووری ئەو وڵاتەدا تێدەپەڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ