کۆمپانیای ڤیزا بۆ رووداو: ئەم ساڵ خزمەتگوزارییەکانمان لە هەرێمی کوردستان بەردەست دەبن

18-02-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای ڤیزای جیهانی بە رووداوی راگەیاند، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنێکیان واژۆ کردووە و لە چارەگی دووەم یان سێیەمی ئەم ساڵ خزمەتگوزارییەکانیان بۆ هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان بەردەست دەبن. 
 
ماریۆ مەکاری، جێگری سەرۆک و بەڕێوەبەری کۆمپانیای ڤیزا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێککەوتنێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری پڕۆسەی پارەدان لە رێگەی (هەژماری من)ـەوە پێشکێش بە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان بکەن. 
 
کۆمپانیاکە لەبارەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "ڤیزا زۆر پەرۆشی هاوبەشییەکەیە و چاوی لە هاوئاهەنگیکردنە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە هەردوولا دیدگەی هاوبەشیان بۆ پێشخستنی پارەدانی دیجیتاڵی لە کوردستان هەیە."
 
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە رێگەی "چارەسەری داهێنەرانە" و "پەروەردەکردنی بەکاربەران" دەیەوێت هانی هاونیشتمانییان بدات کە کەمتر پارەی کاش بەکاربهێنن و روو لە پارەدانی دیجیتاڵی بکەن. 
 
دەشڵێت، لە رێگەی رێکخستنی ئەنجامدانی چەند وۆرکشۆپێک هانی خەڵک و کۆمپانیاکان دەدەن بۆ ئەوەی روو لە پارەدانی دیجیتاڵی بکەن. 
 
لەبارەی بەردەستبوونی خزمەتگوزارییەکانیشی بۆ هاونیشتمانییان کۆمپانیای ڤیزا رایگەیاند، لە چارەگی دووەم یان چارەگی سێیەمی ئەم ساڵ خزمەتگوزارییەکانیان بەردەست دەبێت.
 
رۆژی 15ی کانوونی دووەمی 2025 وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیای ڤیزا رێککەوتنێکی ستراتیژی واژۆ دەکەن بۆ پەرەپێدانی گشتگیری ئابووری. 
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەبارەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ کۆمپانیاکە دەڵێت: "هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەیشتن بە ئامانجی پەرەپێدانی شێوازەکانی پارەدانی دیجیتاڵی و بەرەو پێشبردنی گشتگیری ئابووری لە رێگەی ئەنجامدانی چەندین کەمپەینی پەروەردەیی و هۆشیاری لە بارەی پارەدانی دیجیتاڵی و خزمەتگوزاریەکانی بانکی لە هەرێمی کوردستان."
 
هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، کە رێککەوتنەکە هاوکاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات کە: "بتوانن زیاتر پشت بە پارەدانی دیجیتاڵی ببەستن."
 
پڕۆژەی هەژماری من، پڕۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بە بانکیکردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران.
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای یەکێتیی ئەورووپا و سووریا.

یەکێتیی ئەورووپا 2.5 ملیار یۆرۆ بۆ سووریا تەرخان دەکات

یەکێتیی ئەورووپا لە کۆنفڕانسێکی تایبەت بە سووریا لە برۆکسل بەڵێنی دابینکردنی ملیۆنان یۆرۆی بۆ سووریای دوای ئەسەد دا. وەزیری دەرەوەی سووریاش داوای لابردنی سزای زیاتر دەکات.