رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی کۆستاریکا رایدەگەیێنن، 200 هاووڵاتیی وڵاتەکەیان وەردەگرنەوە کە لەلایەن ئەمریکاوە دیپۆرت کراونەتەوە.
رۆژی سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، نووسینگەی رۆدریگۆ رۆبڵس، سەرۆکی کۆستاریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "حکومەت رازیبووە کە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا بکات بۆ ئەوەی 200 کۆچبەری نایاسایی بگەڕێنێتەوە."
کۆستاریکا سێیەم وڵاتە لە ئەمریکای نێوەڕاست هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا دەکات بۆ ئەوەی ئەو هاووڵاتییانەی بگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی کە بە نایاسایی چوونەتە ئەمریکا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکی کۆستاریکا، یەکەم گرووپی پەناخوازان لە ئەمریکاوە رۆژی چوارشەممە دەگەنەوە وڵاتەکەیان و پاشان دەگوازرێنەوە بۆ نێوەندێکی چاودێریکردن لە نزیک سنووری پەنەما.
تەواوی خەرجیی پڕۆسەکە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە گیراوەتە ئەستۆ.
جگە لە کۆستاریکا، پەنەما و گواتیمالاش بە داواکەی ئەمریکا بۆ وەرگرتنی کۆچبەران رازی بوون.
هەفتەی رابردوو، پەنەما نزیکەی 119 کۆچبەری لە ئەمریکا وەرگرتەوە کە بەشێوەیەکی نایاسایی چووبوونە ئەو وڵاتە.
ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە بەنایاسایی لە ئەمریکا دەمێننەوە بە نزیکەی 11 ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێن و زۆربەیان خەڵکی وڵاتانی ئەمریکای لاتینن.
ترەمپ لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی دا کۆچبەرانی نایاسایی دیپۆرت بکاتەوە، لەگەڵ دەستبەکاربوونیشی ژمارەیەک فەرمانی سەرۆکایەتیی دژی کۆچبەران دەرکرد.
ترەمپ هەزار و 500 سەربازی بۆ سنووری مەکسیک زیاد کردووە، بۆ ئەوەی بتوانن رێگە لە گەیشتنی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەیان بگرن. بە ناردنی ئەو هێزە، ژمارەی سەربازە ئەمریکییەکان لەسەر سنووری مەکسیک دەبێتە چوار هەزار سەرباز.
بەگوێرەی دەزگای پاراستن و چاودێریکردنی سنوورەکانی ئەمریکا، لە 11 مانگی سەرەتای ساڵی 2024، ملیۆنێک و 550 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە، لەکاتێکدا هەمان ماوەی پێرار، دوو ملیۆن و 240 هەزار کۆچبەر چووبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ