رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، سەبارەت بە کۆبانێ و ئەو گفتوگۆیانەی بۆ ئاگربەست لەنێوان سوپای سووریای دیموکرات و گرووپەکانی دیکە لەو ناوچەیەدا هەیە، ئەوە شتێکە کە لە نزیکەوە چاودێری دەکەن. هەروەها هەسەدە بە "هاوبەشێکی گرنگ" ناودەبات.
پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە. لەکاتێکدا چەند خولەکێک پێش ئەوە مەزڵووم عەبدی دەستپێشخەرییەکی بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی لە چەک داماڵدراو لە کۆبانێ کرد.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، "پێموایە گرووپەکانی ناوچەکە هەمووان بەرژەوەندییان لەوەدایە، دڵنیایی بدەن کە دۆخەکە بە جۆرێک لێبکەن خەڵکی ناوچەکە بتوانن ژیانێکی باشتریان هەبێت بەراورد بەوەی لە رژێمی ئەسەدا هەیان بوو."
لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش لە سووریا، پات رایدەر گوتی، "ئەمە زیاتر بۆ شکستهێنانە بە داعش و وەکو ئامانجیشمان دەمێنێتەوە."
دەقی پرسیار و وەڵام لەگەڵ پات رایدەر:
رۆژنامەڤانێک: مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات پێشنیازی دروستکردنی ناوچەیەکی لە چەک داماڵدراو و دابەشکردنەوەی هێزەکان لە کۆبانێ لەژێر چاودێریی ئەمریکییەکان دەکات، ئایا ئەمریکا ئاگاداری ئەمەیە؟ ئایا ئەمریکا دەتوانێت هێزی دیکە بۆ ئەو ناوچەیە بنێرێت؟
پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا: سەبارەت بە کۆبانێ و ئەو گفتوگۆیانەی بۆ ئاگربەست لەنێوان سوپای سووریای دیموکرات و گرووپەکانی دیکە لەو ناوچەیەدا هەیە، ئەوە شتێکە کە لە نزیکەوە چاودێریی دەکەین وەکو ئەوەی پێشتر بە هاوپیشەکەتم گوت. پێموایە هەمووان بەرژەوەندییان لەوەدایە کە دڵنیایی لەوە بدەن گرووپەکانی ناوچەکە دۆخەکە بە جۆرێک لێبکەن کە خەڵکی ناوچەکە بتوانن ژیانێکی باشتریان هەبێت بەراورد بەوەی لە رژێمی ئەسەدا هەیانبوو. سەبارەت بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، ئەمە زیاتر بۆ شکستهێنانە بە داعش و وەکو ئامانجیشمان دەمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ