رووداو دیجیتاڵ
لانیکەم 37 کەس بەهۆی زریان و گەردوولەوە لە ژمارەیەک ویلایەتی ئەمریکا گیانیان لەدەستداوە و چەندین خانوو و باڵەخانەش وێران بوون.
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، لە ویلایەتەکانی کەنساس، ئۆکلاهۆما، میسیسیپی، ئەرکەنسا، تێکساس، ئەلەباما و میزۆری بوون کە بەر گەردەلوول کەوتوون.
سێ لەو کەسانەش شەوی هەینی لە شاری بەیکەرسفێڵد لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بەهۆی بایەکەوە گیانیان لەدەستدا کە خێراییەکەی گەیشتە 225 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا.
هەروەها لە رێگەیەکی خێرای ویلایەتی کەنساس، گەردەلوول زیاتر لە 70 ئۆتۆمبێلی بەسەریەکدا تێکشکاند، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 8 کەس.
بەگوێرەی ناوەندی پێشبینیکردنی گەردەلوولەکان، ئەمڕۆ (دووشەممە) مەترسیی کارەساتە سرووشتییەکان لەسەر فلۆریدا تاوەکو دەگاتە دۆڵی رووباری ئۆهایۆ، بەردەوام دەبێت و 60 ملیۆن ئەمریکی لە بازنەی مەترسییەکەدا دەبن.
رۆژی یەکشەممە، کارەبای زیاتر لە 337 هەزار خانوو و باڵەخانە بەهۆی گەردەلوول و زریانەوە پچڕا، 41 هەزار لەوانە لە میزووری بوون.
ناوەندی پێشبینیکردنی گەردەلوولەکان، 75 گێژەلووکەی گەورەی پڕ لە هەورەبرووسکە کە پێیان دەگوترێت تۆرنادۆ، لە 7 ویلایەتی ئەمریکا تۆمارکردووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکە رۆژی یەکشەممە راگەیێندراوێکی لەسەر کەشوهەوا دەرکرد کە تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، کۆشکی سپی چاودێریی گێژەڵووک و گەردەلوولەکان دەکات.