رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی رووسیا سزای زیندانی بەسەر سێ پارێزەری ئەلێکسی ناڤاڵنی، سەرکردەی پێشووی ئۆپۆزیسیۆنی رووسیا سەپاند. تۆمەتەکەشیان ئەوە بووە، پەیامی ناڤاڵنییان لە زیندانەوە بە جیهانی دەرەوە گەیاندووە.
رۆژی هەینی 17ی کانوونی دووەمی 2025 دادگەیەکی شارۆچکەی پیتوشکی لە رۆژئاوای مۆسکۆ رایگەیاند، هەریەکە لە ڤەدیم کۆبزێڤ بە پێنج ساڵ، یگۆر سێرگونین بە پێنج ساڵ و نیو و ئەلێکسی لیپستەر بە سێ ساڵ و نیو بەندکردن سزادراون.
هەرسێ پارێزەرەکە لە ئۆکتۆبەری 2023وە دەستگیر کراون. دادگە دەڵێت، "پێگەی خۆیان بەکارهێناوە بۆئەوەی پەیامی ناڤاڵنی بە جیهانی دەرەوە بگەیێنن."
ناڤاڵنی پێش گیانلەدەستدانی لە رێگەی تیمی پارێزەرانییەوە پەیامەکانی خۆی بە جیهانی دەرەوە دەگەیاند، ئەوانیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان دەکردەوە.
تیمی پارێزەرانی سێ سزادراوەکە لەبارەی بڕیارەکەی دادگە رایانگەیاند: "ئەوە پێشێلکارییەکی روونی بنەماکانی یاسایە."
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی رووسیا هیچ لێدوانێکیان لەبارەی بڕیارەکەی دادگە نەداوە، بەڵام بەرپرسانی کرێملن ناڤاڵنی و پاڵپشتیکارانیان بە خیانەتکار و پشتیوانلێکراوی رۆژئاوا ناودەبرد.
ئەلێکسی ناڤاڵنی، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی رووسیا بوو، هەروەها بە رەخنەگری سەرسەختی ڤلادیمیر پووتین دادەندرا.
لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا سەرکردایەتی چەندین خۆپێشاندانی لە دژی بەرتەسککردنەوەی ئازادی رادەربڕین و تاکڕەوی سیستمی دەسەڵات لە رووسیا کردبوو.
ناڤاڵنی لە ساڵی 2021، دوای ئەوەی لە ئەڵمانیاوە گەڕایەوە رووسیا، دەستگیر کرا، چەند تۆمەتێکی جیاجیای دراوەتە پاڵ و بە 19 ساڵ زیندانیکردن سزادرا، بەڵام بەر لە تەواوکردنی سزاکەی، لە 16ی شوباتی 2024 لە زیندان گیانی لەدەست دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ