رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی چین رایدەگەیێنن، سێ ساڵە لەسەریەک ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، هۆکارەکەشی بۆ پیربوونی دانیشتووان و کەمیی رێژەی لەدایکبوون دەگەڕێتەوە.
رۆژی هەینی، 17ـی کانوونی دووەمی 2025، نووسینگەی ئاماری نیشتمانی چین (NBS) نوێترین ئاماری لەبارەی ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەکە، ساڵی رابردوو ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە 1.3 ملیۆن کەس کەمیکردووە و ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە ئێستا 1.408 ملیار کەسە.
هەرچەندە لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە، ژمارەی دانیشتووانی چین بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، بەڵام یەکەمجارە کە سێ ساڵ لەسەریەک دانیشتووانی ئەو وڵاتە کەمببنەوە.
پێشتر چین زۆرترین ژمارەی دانیشتووی لە جیهان هەبوو، بەڵام هیندستان لە 2022 پێشیکەوتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی گەیشتە ملیارێک و 428 ملیۆن کەس.
لە ساڵانی هەشتاکان چین "سیاسەتی یەک منداڵ"ـی پەیڕەو دەکرد و رێگەی بە هاووڵاتییانی دەدا تەنیا یەک منداڵ بخەنەوە، بەڵام لە ساڵی 2016 گۆڕانکاری لە یاساکە کرد و کردی بە دوو منداڵ و لە 2021ـیش کردی بە سێ منداڵ.
نووسینگەی ئاماری نیشتمانی چین دەڵێت، بەراورد بە وڵاتانی جیهان، چین کەمترین رێژەی لەدایکبوونی منداڵی هەیە و ساڵانە هەر هەزار کەسێک لەو وڵاتە 6.7 منداڵ دەخەنەوە.
هەروەها یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی کەمی دانیشتوانی چین پیربوونی دانیشتووانە. ژمارەی ئەوسنەی کە لەو وڵاتە تەمەنیان سەرووی 60 ساڵە گەیشتووەتە زیاتر لە 310 ملیۆن کەس. لەکاتێکدا ساڵی 2023 ژمارەکە تەنیا 297 ملیۆن کەس بووە.
چین پێشبینی دەکات تاوەکو 2035 ژمارەی ئەوانەی تەمەنیان 60 ساڵە، یەک لەسەر سێی دانیشتووان پێکبهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ