رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ رایدەگەیێنێت، راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان بەبێ گوشاری تیمەکەی ئەو رووینەدەدا.
رۆژی پێنجشەممە، 16ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەبارەی ئاگربەستی غەززە بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "ئەگەر ئێمە لەم رێککەوتنە بەشدار نەبووینایە، رێککەوتنەکە هەرگیز رووینەدەدا."
ترەمپ ئاماژەی بەوەدا ئەوان ئاراستەی رێککەوتنەکەیان گۆڕی و زۆر بەخێرایش گۆڕییان. گوتیشی: "پێش ئەوەی دەستبەکار ببم دەبێت رێککەوتنەکە تەواو بکرێت."
رۆژی هەینی، کابینەی جەنگیی ئیسرائیل بۆ پەسندکردنی ئاگربەستەکە کۆدەبێتەوە و بڕیارە رۆژی یەکشەممە ئاگربەستەکە بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، واتە رۆژێک پێش ئەوەی ترەمپ بە فەرمیی دەستبەکاربێت.
رۆژی 16ـی ئەم مانگە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتاری ماڵئاواییدا ئاگربەستی غەززەی بە دەستکەوت بۆ ئیدارەکەی ناوبرد.
بایدن گوتی: "دوای هەشت مانگ گفتوگۆی بەردەوام، لەلایەن ئیدارەکەمەوە ئاگربەستێک، رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لەنێوان ئیسرائیل و حەماس راگەیێندرا. ئەو پلانە لەلایەن تیمەکەم پەرەی پێدرا و گفتوگۆی لەسەر کرا، هەروەها بەشێوەیەکی فراوانتر لەلایەن ئیدارەی داهاتووەوە جێبەجێ دەکرێت."
ترەمپ، گوتەکانی بایدنی لەبارەی ئاگربەست بە "بێ ئەدەبی" ناوبرد و گوتی: "ئەو [بایدن] هیچ شتێکی نەکرد. ئەگەر ئێمە بەشدار نەبووینایە، هەرگیز بارمتەکان ئازاد نەدەکران."
رۆژی 15ـی ئەم مانگە، ئەمریکا، قەتەر و میسر کە رۆڵی نێوەندگیر دەبینن رایانگەیاند، ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراوەکان رێککەوتن.
ئاگربەستەکە لە سێ قۆناخ پێکدێت. لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەدا، حەماس 33 بارمتە ئازاد دەکات. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل هەزار بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکات، رێگە بە رۆیشتنی یارمەتیی مرۆیی زیاتر بۆ کەرتی غەززە دەدرێت و سوپای ئیسرائیل لە شوێنە ستراتیژییەکان و سڤیلنشینە چڕەکان دەکشێتەوە.
رۆژێک دوای ئەوەی ئاگربەستەکە راگەیێندرا، بایدن لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی گوتی، هیچ گفتوگۆیەکی لەگەڵ ترەمپ لەبارەی رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ