سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان بە 14 ساڵ بەندکردن سزادرا

17-01-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەیەکی پاکستان عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتەی لە کەیسێکی گەندەڵی بە تاوانبار ناساند و سزای 14 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپاند. 
 
رۆژی هەینی، 17ـی کانوونی دووەمی 2025، دادگەیەکی ئیسلامئابادی پاکستان هەریەکە لە عیمران خان و بوشرا بیبی هاوژینی بە تاوانبار ناساند. 
 
عیمران خان لە ئابی 2023ـەوە دەستبەسەر کراوە و نزیکەی 200 کەیسی گەندەڵی ئاراستە کراوە و پارتی "تەحریک ئینساف" کە پارتی عیمران خان خۆیەتی، تۆمەتەکان بە ناڕاست و نادادپەوەرانە ناودەبات. 
 
عیمران خان لەکاتی خوێندنەوەی سزاکەی لە دادگە ئامادە بوو، بە رۆژنامەڤانانی گوت: "نە هیچ رێککەوتنێک دەکەم و نە داوای ئازادکردنیش دەکەم."
 
مەشعەل یوسفزای، پارێزەری بوشرا بیبی رایگەیاند، بوشرا بە حەوت ساڵ زیندانی سزادراوە و هەر دوای بڕیارەکەی دادگەش دەستگیر کراوە. 
 
تەنیا لەم مانگەدا سێ جار دانیشتنی دادگەکە دواخرا، تیمی پارێزەرانی عیمران خانیش رایدەگەیێنن، ئامانج لە دواخستی دانیشتنی دادگە ئەوە بووە کە گوشار لە عیمران خان بکەن لە سیاسەت دووربکەوێتەوە. 
 
جگە لەم کەیسە، عیمران خان تاوەکو ئێستا لە سێ کەیسی دیکەش بە تاوانبار ناسێندراوە، بەڵام سزاکانی هەر سێ کەیسەکەی لەلایەن دادگەوە لەسەر جێبەجێنەکراوە و راگیراون. 
 
ساڵی رابردوو، دادگەی پاکستان رێگەی نەدا پارتەکەی عیمران خان بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بدات، کە لە شوباتی رابردوو کرا.
 
دوای ئەوەی خان لە ئایاری 2023 دەستگیرکرا، پاکستان چەندین خۆپێشاندانی گەورەی بەخۆیەوە بینی. حکومەتی پاکستان رێوشوێنی تووندی بەرامبەر بە لایەنگر و پارتەکەیشی گرتووەتەبەر.
 
عیمران خان، کە نیسانی ساڵی 2022 لە پەرلەمان متمانەی لێسەندرایەوە و خۆبەربژێرکردنەوەشی لێ قەدەخەکرا.
 
ساڵی 2018، عیمران خان بە پشتیوانی سوپا، توانی ببێتە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2022دا، سوپا پشتی لە عیمران خان کرد و بووە هۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنەکە دەنگی پێویست بۆ بوونەوە بە سەرۆکوەزیران بەدەست نەهێنێت.
 
عیمران خان لە ساڵی 1952 لەدایکبووە و پێشتر کاپتنی هەڵبژاردەی کریکیتی پاکستان بووە، ساڵی 1992 توانیویەتی جامی جیهانی کریکت بۆ وڵاتەکەی بباتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ترەیلەری دووەمی یارییەکە

رۆکستار ترەیلەری دووەمی یاریی GTA6ی بڵاوکردەوە

ترەیلەرەکە لەسەر PlayStation 5 تۆمارکراوە، وردەکاریی زیاتر لەبارەی چیرۆکی سەرەکیی یارییەکە دەخاتەڕوو. چیرۆکەکە بە دەوری دوو کارەکتەری سەرەکی دەسووڕێتەوە بە ناوەکانی جەیسن (Jason) و لوسیا (Lucia).