رووداو سانفرانسیسکۆ
بەهێزترین لووتکەی ئابووریی ئەیپێک لە شاری سانفرانسیسکۆ لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و ئامانجی دروستکردنی کۆدەنگییە لەسەر هەبوونی داهاتوویێکی باشتری ئابووری بۆ ناوچەکە. بایدن لەدوای کۆبوونەوەی لووتکە لەگەڵ سەرۆکی چین، گوتی "هەندێک بەرەوپێشچوونی باشمان بەدەستهێناوە.'' .
چین و ئەمریکا کە خاوەن یەکەم و دووەم گەورەترین ئابووری جیهانن، لەگەڵ 19 وڵاتی دیکەی ئاسیا و پاسفیک ئەندامی لووتکەکەن و بەیەکەوە نوێنەرایەتیی 40٪ـی دانیشتووانی زەوی و 50٪ـی بازرگانیی جیهان دەکەن.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لووتکەکەدا گوتی ''شەرەفمەندین کە بۆ جاری سێیەم لووتکەی ئەیپێک بەڕێوەدەبەین. دەڵێن سێیەمجار بەختهێنە، لەم چەند رۆژەی داهاتوودا ئەمە دەردەخەین، هەروەها چاویشمان لەوەیە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، کارەکانی لووتکەی 2024 رادەستی بڕوو بکەین، وەک لە بەشداربووانی ئەم هۆڵەش دەبینین، کە سەرکردەی چەندین حکومەت، کەرتی تایبەت و کۆمەڵگەی مەدەنی لێرە کۆبوونەوەتەوە، ئەیپێک، کۆڕبەندێکی بەهێزە بۆ کۆبوونەوە، بۆ هاوئاهەنگی و بنیادنانی کۆدەنگی لەسەر داهاتووی ئابووری بۆ ئەو گەلانەی لە سەرانسەری ناوچەکەماندا دەژین.''
بێجگە لە تاوتوێکردنی مژارە گرنگە ئابووری و بازرگانییەکان، پرسە گەرمەکانی دیکەی جیهان کە کاریگەریی گەورەیان بەسەر ئابووری و بازرگانیی نێودەوڵەتییەوە دەبێت، لە لووتکەکەدا تاوتوێ دەکرێن، گرنگترین کۆبوونەوەش کە لە پەراوێزی ئەم لووتکەیەدا کرا، کۆبوونەوەی نێوان شی جینگ پینگ، سەرۆکی چین و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بووە.
لەم کۆبوونەوەیەدا هەر لە پرسی ئابووری، سەربازی، گۆڕانی کەشوهەوا، تاوەکو دەگاتە شەڕی ئۆکراینا و غەززە و پرسە گەرمەکانی دیکەی دیکەی جیهان تاوتوێکران، دواتریش سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بەشێکی وردەکاریی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو.
جۆ بایدن گوتی ''کەمێک پێش ئێستا لە کۆبوونەوە چەند کاژێرییەکەمدا لەگەڵ سەرۆک شی تەواوبووم، پێموایە هەندێک گفتوگۆی بنیادنەرانە و بەرهەمدارمان هەبوو. لەوکاتەوەی هەردووکمان جێگری سەرۆک بووین، 10 ساڵ بەر لەئێستا، لەگەڵ سەرۆک شی کۆبوومەتەوە، کۆبوونەوەکانمان هەمیشە زۆر راشکاوانە و بەرهەمدار بوون، هەمیشە کۆک نەبووین، بەڵام راشکاو بووین. ئەمڕۆش لەسەر بنچینەی ئەو بناخەیەی لە چەند مانگی رابردوودا لەنێوان تیمی دیپلۆماسیی هەردوولامان داندرابوو کۆبووینەوە، پێشموایە هەندێک بەرەوپێشچوونی باشمان بەدەستهێناوە.''
کۆبوونەوەی لووتکەی ئەیپێک تاوەکو 17ـی مانگ بەردەوام دەبێت و چەندین مژاری پەیوەست بە ئابووری و بازرگانی نێوان وڵاتان تاوتوێدەکرێن، بۆ گەیاندنی زانیارییەکانی تایبەت بە لووتکەکە، هەروەها کۆبوونەوەکانی پەراوێزی لووتکەکەش، بە سەدان دەزگای میدیایی گەورەی جیهان، لەنێویاندا رووداو رووماڵی لووتکەکە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ