رووداو دیجیتاڵ
ململانێی وڵاتە زلهێزەکانی جیهان هەر لەسەر زەوی نەماوەتەوە و ساڵانێکە لە بۆشایی ئاسمانیشدا لە کێبڕکێیەکی سەختدان. ئەمریکا بە هەڵدانی 3,449 مانگی دەستکرد، چین بە 541، رووسیا بە 172 و هیندستان بە 150 دانە خاوەنی زۆترین و سەرکەوتووترینی نێو ئەو مانگە دەستکردانەن. ئەوەی دەشمێنێتەوە، لەلایەن زیاتر لە 76 وڵاتی جیهانەوە رەوانەی بۆشایی ئاسمان کراون.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت مانگی دەستکردی سپووتنیکە کە لە ساڵی 1957 یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو هەڵیدایە بۆشایی ئاسمان.
لەوێوە، مرۆڤ بۆ جاری یەکەم لە مێژوودا پەردەی لەبەردەم نهێنییەکانی دەرەوەی هەسارەی زەوی لابرد و رکابەریی بۆشایی ئاسمان دەستیپێکرد.
ئێستا کە 66 ساڵ بەسەر ئەو وەچەرخانە زانستییەدا تێپەڕیوە و 8 هەزار و 261 مانگی دەستکرد هەڵدراونەتە بۆشایی ئاسمان و لە خولگەی زەویدان. لەو ژمارەیەش 4 هەزار و 852 دانەیان لەکاردان و پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ زەویدا هەیە.
گەڕان و رکابەری بۆ دۆزینەوەی زیاتر لە بۆشایی ئاسمان تەنیا لە ناردنی تەنی دەستکرد بۆ دەرەوەی بەرگەهەوای زەوی نەماوەتەوە. ئەمریکا، رووسیا، چین، هیندستان و یەکێتی ئەوروپا هەرزوو دەستیان بە ناردنی مرۆڤ، تەنی رۆبۆتی، تەلسکۆب، وێستگەی بۆشایی بۆ دەرەوەی زەوی و سەر مانگ و هەسارەکانی دیکە کرد.
ئەمریکا تاوەکو ئێستا دوو جار بە سەرکەوتوویی مرۆڤی ناردووەتە سەر مانگ و نزیکەی 350 ئاسمانەوان و هاووڵاتی ئەمریکیشی ناردووەتە بۆشاییەوە.
هەروەها 9 جار لەسەر مەریخ و جارێکیش لەسەر ڤینۆس نیشتووەتەوە و 10 تێلسکۆپی ناردووەتە بۆشایی ئاسمان. دوورترین مەوداش کە پێی گەشتبێت 24 ملیار کیلۆمەترە لە زەوییەوە لە رێگەی کەشتی ڤۆیەجەر 1ـەوە.
هەرچەندە ناسا بەو ریکۆردانەی بە ناوی خۆیەوە تۆماری کردوون لە پێشەنگی رکابەریی بۆشایی ئاسماندایە، هەوڵی بەرەوپێشچوونی زیاتر لە زانست و تەکنەلۆژیای بۆشاییدا دەدات.
ئارتێمیس نوێترین و فراوانترین پرۆژەی ئاسمانیی ئاژانسی ناسایە، کە وەک خۆی دەڵێت ئامانجە سەرەکییەکەی بریتییە لە ناردنەوەی مرۆڤ بۆ سەر مانگ و پاشان گەشتکردنە بۆ مەریخ.
بیڵ نێڵسۆن، بەڕێوەبەری ناسا دەڵێت، "کاتێک بە سپەیس شەتڵ فڕیم، 37 ساڵ لەمەوبەر، زانیم دەگەڕێینەوە سەر مانگ، بەڵام نەماندەزانی چۆن و کەی. ئێستا دەگەڕێینەوە نەک تەنیا بۆ چوونە سەر مانگ. دەگەڕێینەوە بۆ فێربوون، بۆ ژیان، بۆ داهێنان، بۆ بنیاتنان، تاوەکو بتوانین دوورتر بڕۆین، بچینە سەر مەریخ و دواتر زیاتریش، لەگەڵ مرۆڤدا."
ئارتێمیس جگە لە ئاژانسی ناسا، پرۆگرامە ئاسمانییەکانی ئوسترالیا، کەنەدا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، لوکسمبۆرگ، ئیمارات و بەریتانیا و 5 کۆمپانیای زەبەلاحی ئاسمانی ئەمریکاش هاوبەشی تێدا دەکەن.
تاوەکو ئێستا 40 ملیار دۆلاری تێدا خەرجکراوە و تاوەکو 2025 تێچووەکەی دەگاتە 93 ملیار دۆلار و لە پێنج قۆناخی سەرەکی پێکدێت.
قۆناخەکەی ئارتێمیس ئەمانەن: تشرینی دووەمی 2022 ناسا کەشتییەکی بێ سەرنشینی ناردە خولگەی مانگ تاوەکو لە توانای کەشتیی ئۆریۆن دڵنیابێتەوە.
لە 2024دا وێستگەیەکی بۆشایی ئاسمان لە خولگەی مانگ جێگیردەکات و هەمان ساڵ کەشتییەک بە سێ سەرنشینەوە بۆ سووڕانەوە بە دەوری مانگدا دەنێرێت و دەگەڕێتەوە بۆ سەر زەوی.
لە 2025، چوار کەشتیوان دەنێرێتە وێستگەی بۆشایی خولگەی مانگ و لەوێشەوە دووان لە کەشتیوانەکان بۆ ماوەی شەش رۆژ و نیو دەنێرێتە سەر مانگ.
لە 2028، چوار کەشتیوانی دیکە و کەرەستەی جێگیرکردنی مرۆڤ لەسەر مانگ دەنێرێتە وێستگەی بۆشایی خولگەی مانگ و بۆ جاری دووەم لەسەر مانگ دەنیشێتەوە.
لە 2029دا چوار کەشتیوانی دیکە دەنێرێتە وێستگەی بۆشایی خولگەی مانگ و بۆ جاری سێیەم لەسەر مانگ دەنیشێتەوە.
وێستگەی بۆشایی ئاسمانی تیانگۆنگی چین تەمەنی تەنیا دوو ساڵە و رکابەرایەتییە تووندەکانی نێوان چین و ئەمریکا پاڵنەری دروستکردنەکەی بوون، ئەوەش دوای بڕیاری کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ دەرکردنی چین لە وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان لە 2011.
تیانگۆنگ، چینی کردە دووەم وڵات لە جیهاندا کە خاوەنی وێستگەی بۆشایی ئاسمانە.
هەرچەندە چین لە 1965ـەوە دەستی بە پرۆگرامەکەی بۆشایی ئاسمانی کردووە، بەڵام لە سەدەی رابردوودا دەستکەوتەکانی لە ئاستێکدا نەبوون بتوانن رکابەریی ئەمریکا و رووسیا بکەن. کەچی لە 20 ساڵی رابردوودا بە گشتی و بە تایبەتتریش لەم 5 ساڵەی دواییدا، چین پرۆگرامەکەی بە خێراییەک بەرەو پێش دەبات کە جێگەی سەرسوڕمان و نیگەرانیی ئەمریکا، وڵاتانی ئەوروپا و تەنانەت رووسیاشە. ناردنی وێستگەی بۆشایی تیانگۆنگیش بۆ بۆشایی ئاسمان نموونەیەکی ئەو پێشکەوتنەیە کە بازێکی وای لە رکابەرییەکەدا بە چین داوە، پێش رووسیای خست و لە ئەمریکاشی نزیککردەوە.
لە 2016 بۆ 2022، چین 271 گەشتی بۆ بۆشایی ئاسمان بۆ ئەرکی جۆراوجۆر کردووە. پلانیشی وایە لەمساڵدا 70 گەشت بۆ بۆشایی ئاسمان بکات. ئەمە جگە لە دەیان پرۆگرامی بۆشایی دیکە کە وادەی بە ئەنجامگەیاندنیان ناگاتە 2030.
ئەو ئەرکە سەختانەی چین لە کەمتر لە 10 ساڵدا لە بۆشایی ئاسمان کردوونی بەشێک لە پلانەکانی داهاتووی ئەمانەن:
لە 2013دا بۆ یەکەم جار کەشتییەکی ناردە سەر مانگ و بووە سێیەم وڵات لە دوای ئەمریکا و رووسیا لەسەر مانگ بنیشێتەوە.
لە 2020دا پرۆگرامی چانگە 5ی چین بۆ جاری دووەم کەشتییەکی چینی ناردە سەر مانگ و نموونەی بەردی سەر مانگی گەڕاندەوە سەر زەوی.
لە هەمان ساڵدا، چین توانی سیستمی شوێندۆزی تایبەت بە خۆی کە جێگرەوەی سیستمی جی پی ئێسی ئەمریکییە بە ناوی بۆیدو جێگیر بکات.
لە 2021دا چین بووە سێیەم وڵات لە دوای ئەمریکا و رووسیاوە تەنێکی رۆبۆتی بنێرێتە سەر رووی مەریخ و وێنەی ئەو هەسارەیە بگرێت. لە 2022دا چین شەش گەشتی بۆ وێستگەی بۆشایی تیانگۆنگ کردووە.
لە 2023دا چین تێلیسکۆپی چنتیان دەنێرێتە بۆشایی ئاسمان کە گەورەترینی ئاسیایە و لە تێلیسکۆپی ئەمریکی هەبڵ بەتواناترە. لە 2026دا چین تەلسکۆبی رادیۆیی هۆنگمێنگ بۆ توێژینەوە دەنێرێتە خولگەی مانگ.
چین بەو ئەرکانەوە نەوەستاوە و ئێستا پلانی ناردنی مرۆڤی بۆ سەر مانگ هەیە و بەگوێرەی ئاژانسی ئاسمانی نیشتمانیی چین، ئەرکەکە دەستیپێکردووە.
لین شیکیانگ، گوتەبێژی ئاژانسی چینیی ناردنی مرۆڤ بۆ بۆشایی ئاسمان دەڵێت، "دەست بە پرۆژەی چین بۆ ناردنی مرۆڤ بۆ سەر مانگ و گەڕان تێیدا کراوە. ئامانجەکە بە تێکڕا ناردنی یەکەم کەشتی چینییە بۆ سەر رووی مانگ پێش ساڵی 2030 و توێژینەوەی زانستیی سەر مانگ و تاقیکردنەوەی تەکنیکی و تەکنەلۆژییە لەسەر مانگدا."
لە بەشێکی راپۆرتەکەدا دیمەنی بنکەیەکی بۆشایی ئاسمانی ئاژانسی رۆسکۆسمۆسی رووسی لە کازاخستان دەردەکەوێت؛ مووشەکی سیوز کەپسوولێک دەنێرێتە وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان.
ئەمە یەکێک لەو ژمارە کەمەی گەشتی بۆشایی ئاسمانی رووسیایە، کە سێ ساڵە نەگەیشتووەتە 30 دانە و لە 2022دا بودجەی تەرخانکراوی بۆ ئاژانسی رۆسکۆسمۆس کەمتر لە 3 ملیار دۆلار بووە.
نەمانی هاوئاهەنگیی نێوان ناسا و رۆسکۆسمۆس بەهۆی گەیشتن بە بنبەستی گرژییەکانی واشنتن و مۆسکۆ، گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر کرێملن و جەنگەکەی لەگەڵ ئۆکراینا هۆکاری سەرەکی ئەو کەمبوونەوەیەن.
بەڵام رووسیا هێشتا هەوڵی مانەوە لە رکابەرییەکەدا دەدات. رۆسکۆسمۆس رایگەیاندووە، پێش ساڵی 2030 وێستگەیەکی بۆشایی ئاسمانی تایبەت بە رووسیا لە خولگەی زەوی جێگیردەکەن، چونکە چیدیکە لە وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئەمریکادا نامێننەوە.
هەروەها، بڕیارە 17ی تەمموزی ئەمساڵ کەشتیی لونا 25 بۆ سەر مانگ بنێرن، کە ئەوەش رێگە بۆ رووسیا خۆشدەکات مرۆڤ بنێرێتە سەر مانگ.
یوری بۆریسۆڤ، سەرۆکی رۆسکۆسمۆسە و باس لەوە دەکات، "کات نەماوە و ناتوانین ناردنی ئاسمانەوان لە هیچ دۆخێکدا بوەستێنین. ئێستا نەخشەسازی و شێواز و هەنگاوەکانی دروستکردنی وێستگەیەکی بۆشایی ئاسمانی رووسیمان لەبەردەستدایە. لە داهاتوودا هەنگاوەکانی دواییت پێدەڵێم."
رکابەرییکردن لە بەرەوپێشبردنی پرۆگرامەکانی بۆشایی ئاسمان تەنیا لە نێوان ئەو سێ زلهێزەی جیهاندا نییە، بەڵکو زیاتر لە 80 وڵاتی دیکەی جیهان، ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیان هەیە و هەوڵی پێشکەوتنی زیاتر لە زانستی بۆشاییدا دەدەن.
ئەوەش بە ئاشکرا درکی پێ دەکرێت، لەتبوونی زەوی بەسەر دوو جەمسەری سیاسی و ئابووریی دژیەکی رۆژهەڵات و رۆژئاوادا، پرۆگرام و پرۆژەکانی بۆشایی ئاسمانیشیان هێندەی دووری نێوان ئەستێرەکان لێکترازاندووە.
ئێستا نەک هاوئاهەنگی بۆ کردنەوەی گرێکوێرەی زانستی رووی لە کەمبوونەوە کردووە، بەڵکو وڵاتانی پێشکەوتوو تۆمەتی هێرشی سایبەری و هەوڵدان بۆ پچڕاندنی پەیوەندیی مانگە دەستکردەکان دەدەنە پاڵ نەیارەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ