مەسرور بارزانی: ئەمریکا دەیەوێت هاوکاری کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان بکات

16-02-2020
نیشانەکردن میونشن 2020
A+ A-
 سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کۆبوونەوەی گرنگمان لە میونشن ئەنجامدان. ئەمریکا دەیەوێت لە کەرتی وزە هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات و بەپێویست دەزانێت لە پێکهێنانی حکومەتی عێراق تایبەتمەندی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لە میونشن ئەنجامدا لەبارەی دیدار و کۆبوونەوەکانی لە سێ رۆژی رابردوو و رایگەیاند: "وڵاتانی جیهان رۆڵی هەرێمی کوردستان لەناوچەکەدا بە گرنگ دەبینن و دۆستایەتی و پشتیوانییان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە".
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە
 
رووداو: بەڕێزتان چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگتان لە میونشن ئەنجامدا، لەگەڵ وەزیری وزەی ئەمریکا باسی چیتان کرد و چ بەڵێنێکیان پێدان؟
 
مەسرور بارزانی: لە میانی کۆنفرانسی میونشن، کۆبوونەوەی زۆر باشمان لەگەڵ زۆربەی بەشداربووانی کۆنفرانسەکە کردووە، یەکێکیش لەوانە وەزیری وزەی ئەمریکا بووە، کە لەسەر هاوکاریکردن و پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە کەرتی وزە قسەی زۆمان کردووەو ئەوان زۆریان پێخۆشبوو لە کەرتی وزە پەرە بە پەیوەندییەکان بدەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: لەسەر هیچ شتێک رێککەوتنتان ئەنجامدا؟
 
مەسرور بارزانی: ئێمە لەسەر ئەو بابەتە قسەی زۆرمان کردووە، ئەوە دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی لە دواتر بتوانین قسەی زیاتری لەسەر بکەین لەڕووی تەکنیکییەوە.
 
پرسیار: لەکاتی سەردانی دیپلۆماسی دانانی ئاڵا و دانانی ناونیشانی پۆست زۆر گرنگە، ئەوەی تێبینیکرا لە دیدارتان لەگەڵ وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی ئەمریکا ناوی جەنابتان وەکو سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسرابوو، بەڵام لە ساڵانی رابردوو هەمیشە ناوی عێراقی بەدواوە بوو، ئایا ئەمە تا چەند گرنگە بۆ دیپلۆماسیەتی کوردی؟
 
مەسرور بارزانی: من نازانم ئەوان چۆنیان باسکردووە، بەڵام ئەوان پەیوەندییەکی تایبەتیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها لەگەڵ حکومەتی عێراقیش پەیوەندییەکی پتەویان هەیە، تایبەتمەندی کوردستان هەمیشە لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمان و دۆستی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو گیراوە ئەمساڵیش بە هەمانشێوە گرنگییەکی زۆریان بە هەرێمی کوردستان داوە.
 
پرسیار: لە هەموو دیدار و کۆبوونەوەکان پێگەی گرنگی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو گیراوە، تێڕوانینی لایەنە دەرەکییەکان لەسەر رەوشی ئێستا عێراق چی بووە؟
 
مەسرور بارزانی: دۆخی ناوچەکە بە گشتی بۆ ئەوان گرنگە، هەرێمی کوردستانیش وەکو کارەکتەرێکی سەرەکی لە رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گرنگ دەزانن، ئەو پرسیار و پێشنیاز و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و بیروڕا لەسەر ئەو بابەتە بۆ ئەوەبووە کە ئێمە تا چەند دەتوانین رۆڵێکی کاریگەر ببینین بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و بەرەوپێشخستنی بارودۆخی ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی.

 

رووداو: بەڕێزتان لەگەڵ چەندین بەرپرسی عێراق کۆبوونەوە، لەمیانی کۆبوونەوەکانتان پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتتان تاوتوێکردووە، ئایا کابینە نوێیەکە کە دەگوترێت ئامادەیە هیچ پرسێک بە هەرێمی کوردستان کراوەو هیچ وەزیرێکی کورد لە کابینە نوێیەکەی محەممەد تۆفیق عەلاوی هەن؟

مەسرور بارزانی: تا ئێستا ئەنجامەکان دیار نین، ئەوان باسی ئەوەیان کردووە کە بەڕێز محەممەد تۆفیق عەلاوی بەنیازی ئەوەیە کابینەکەی رابگەیێنێت. بۆ ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان گرنگە تایبەتمەندی هەرێمی کوردستان وەکو هەرێمێکی فیدراڵی لە حکومەتی عێراق مافە دەستوورییەکانی پێناسە بکرێت و رێزی لێبگیرێت، چونکە ئێمە تایبەتمەندییەکی جیاوازمان هەیەو داوای ئەوەمان لێکردووە کە پێویستە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دامەزراوە فەرمی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستنیشان بکرێت.

رووداو: لە کۆبوونەوەتان لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، باسی مافی کوردانی رۆژئاوای کوردستانتان کرد، بە دیاریکراوی داوای چیتان لێیان کرد؟

مەسرور بارزانی: داوامانکردووە مافەکانی خەڵکی کوردستان لە رۆژئاوای کوردستان بە هەند وەربگیرێت، لە هەر پێشهاتێکی داهاتوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان مافەکانی کورد لەبەرچاو بگرن.

پرسیار: سەبارەت بە سەرهەڵدانەوەی داعش، لایەنەکانی ئەمریکا و رووسیا چ بەڵێنێکیان بە ئێوەدا؟

مەسرور بارزانی: ئێمە دەزانین کە داعش هێشتا مەترسییەکی سەرەکییە لە ناوچەکە، پێویستی بە هاوکاری و پشتیوانی هەموو لایەنەکان بە تایبەتی ئەمریکا و هێزە هاوپەیمانەکان هەیە، پێمانوایە داعش مەترسییەکی جیددیە و خەریکن خۆیان رێکدەخەنەوە، مەترسییان نەک تەنها بۆ سەر عێراق، بەڵکو بۆ سەر ناوچەکە و هەموو دونیاش هەیە. بۆیە پێویستە زانیاری لەلایەن لایەنە بەشدارەکان و هاوپەیمانان ئاڵوگۆڕ بکرێت، لە هەمان کاتیشدا داوای ئەوەمان کردووە ئەو هۆکارانەی دەبنە مایەی سەرهەڵدانەوەی داعش بنبڕ بکرێن، ئەمەش بە هاوکاریکردنی خەڵکی ناوچەکە و باشترکردنی دۆخی ژیان و ئابووری ناوچەکە و سەقامگیری سیاسی لە ناوچەکە دەتوانێت هاوکاربێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسیی داعش و تیرۆریزم.

رووداو: کۆبوونەوەتان لەگەڵ محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، گرنگ بوو، لەو کۆبوونەوەیە باسی چیتان کرد؟

مەسرور بارزانی: ئێمە دراوسێی یەکترین، باسی ئەوەمان کرد کە ئێمە نیگەرانی هاوبەشمان هەیە لەسەر تێکچوونی باری ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی، هاوکات داکۆکیمان لەوەکرد کە پێویستە رێزی هەردوولا بگیرێت لەسەر ئەو بنەمایانەی کە بەلای ئێمەوە گرنگن بەتایبەتی لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە. ئێمە باسی ئەوەمان کردووە کە پێویستە رێزی هاوبەش هەبێت لە هەموو ئەو لایەنانەی کە بەشدارن لە ناوچەکە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە