بایدن بۆ ئیسرائیل: بەردەوام بن لە راوەدوونانی حەماس، بەڵام وریا بن

15-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی ئەمریکا داوا لە ئیسرائیل دەکەن، کە لە "داهاتوویەکی نزیکدا" قەبارەی شەڕی غەززە بچووک بکەنەوە و سەرۆکی ئەمریکاش داوا لە ئیسرائیل دەکات کە ژیانی هاووڵاتیی سڤیل لە غەززە پارێزراو بێت. 

رۆژی پێنجشەممە، 15ـی کانوونی یەکەمی 2023، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن بە رۆژنامەڤانانی گوت، "دەمەوێت ئەوان [ئیسرائیل] تیشکبخەنە سەر ئەوەی کە چۆن بتوانن ژیانی خەڵکی سیڤیل بپارێزن؛ نامەوێت بوەستن لە راوەدوونانی حەماس، بەڵام دەمەوێت زیاتر وریا بن."
 
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل ئیدارەی جۆ بایدن پاڵپشتی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل دژی بزووتنەوەی حەماس کرد، بەڵام چەندین جار ئیدارەی بایدن رایگەیاندووە "نیگەران"ـە لە کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیلی غەززە.
 
هاوکات، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، "پێموایە کە ئێمە هەموومان دەمانەوێت بە زووترین کات کۆتایی بە شەڕەکە بێت."
 
ئەوە لەکاتێکدایە، یۆڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەفتەی رابردوو رایگەیاند شەڕی ئیسرائیل دژی حەماس "پێویستی بە کات هەیە؛ شەڕەکە چەندین مانگ دەخایەنێت، بەڵام ئێمە شەڕەکە دەبەینەوە و حەماس لەنێودەبەین."
 
رۆژی سێشەممە، 12ـی کانوونی یەکەمی 2023، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکیدا لە واشنتن ئاماژەی بەوە کرد، "ئەوان [ئیسرائیل] خەریکە پشتیوانی نێودەوڵەتی لەدەستدەدەن."
 
بایدن ئاماژەی بەوەشکرد، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەبێت حکومەتە تووندئاژۆکەی بگۆڕێت و گوتی، "نەتەنیاهوو دەبێت حکومەتەکەی بەهێزتر بکات و گۆڕانکاریی تێدا بکات بۆ ئەوەی بتوانێت چارەسەرێکی درێژخایەن بۆ کێشەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل بدۆزێتەوە."
 
بەگوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە، نزیکەی 19 هەزار فەلەستینی کوژراون کە 70٪ـی قوربانییەکان ئافرەت و منداڵن. 
 
بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی ئەو شەڕەی زیاتر لە دوو مانگە بەردەوامە، لانیکەم 305 هەزار خانوو و باڵەخانە وێران بوون یان زیانیان پێگەیشتووە کە لەنێویاندا 339 ناوەندی خوێندن و 167 مزگەوتی تێدایە.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، نزیکەی 1.93 ملیۆن کەس لە دانیشتووانی غەززە ئاوارە بوون کە دەکاتە نزیکەی 90٪ـی دانیشتووانی کەرتەکە.
 
گرووپەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤیش باس لەوە دەکەن کە لە هەر کاژێرێکدا لە غەززە سێ ژن دەکوژرێن.
 
زیاتر لە دوو مانگە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵایین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززەش چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستا هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیار کوردە، پەیمانێری رووداو و مێنن هیوستن، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: خوازیاری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتین

مێنن هیوستن، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە گرنگییەوە سەیری پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و جەختیشی لەسەر پێویستی رێزگرتن لە مافی کەمینەکان لە سووریا کردەوە.